ژمارەیەك داعش كوژران و مۆڵگەكانیشیان خاپوور كران

بادوش-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆكەی هاوپەیمانان بۆردوومانی چەند مۆڵگەیەكی سەربازیی تیرۆریستانی داعشیان كرد و، كۆبوونەوەیەك و ئۆتۆمبێلێك كە دۆشكەیەكی لەسەر جێگیر كرابوو، لە سنووری میحوەری رۆژئاوای دیجلە كرانە ئامانج و بە هۆی بۆردوومانەكەیشەوە سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی لە كۆبوونەوەكە بوون، كوژران و ئۆتۆمبێلەكەشیان تەقێندرایەوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی مقەدەم (دڵشاد مەولوود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای هاوپەیمانان بۆردوومانی چەند مۆڵگەیەی سەربازیی تیرۆریستانی داعشیان لە بەرزاییەكانی (بادوش) كرد و كۆبوونەوەیەكی تیرۆریستانی داعش و ئۆتۆمبێلێك كە دۆشكەیەكی لەسەر جێگیر كرابوو، لە بەرزاییەكانی (بادوش)ـی رۆژئاوای دیجلە كرانە ئامانج و بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانەوە سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی لە كۆبوونەوەكە بوون، كوژران و ئۆتۆمبێلەكەیشیان تەقێندرایەوە".
(دڵشاد) گوتیشی: "لە سنوورەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگریی فەرماندەیی زێرەڤانی ئەنجام دەدەن و، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوویشدا بە هۆی ئەو بۆردوومانانەوە توانراوە تیرۆریستانی داعش بكرێتە ئامانج و مۆڵگەكانیان لەناو ببرێن".




