٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان حدكا و پەكەكە دیاری دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-جێگری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند: "هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان بەرز دەنرخێنین، هەروەها بۆ كۆبوونەوەی داهاتوویش حكوومەتی هەرێم كات و شوێنەكەی دیاری دەكات".

(حەسەن شەرەفی) جێگری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان ئێمە و پەكەكەدا، هەموو كێشەكان چارە نەكران، بەڵام لە هەمان كاتدا كۆبوونەوەیەكی باش و سەركەوتوو بوو، كە هەر دوولا لەسەر ئەوە مكوڕ بووین درێژە بە دانیشتن و گفتوگۆیەكان بدەین، كێشەكان چارە بكەین و بە رێگەچارەیەك بگەین،  كە بەرژەوەندیی هەردوولای تێدا بێت".
گوتیشی: "لە داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكەی دەكرێت، بەڵام تا ئێستا رۆژ و كاتەكەی دیار نییە، چونكە  لەلایەن  حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی دەكات، شوێن و وادەكە دیاری دەكرێتت".
(شەرەفی) ئاماژەیشی دا، رەوشی كێلەشین ئارامە و هەردوولا سەنگەریان بەرداوە و لەسەر ئەوە پێداگر بوون كە بارگژییەكی نوێ لە نێوان هەر دوولادا دروست نەبێت.
زیاتر دەڵێ: "هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەرز دەنرخێنین كە لە دڵسۆزیی خۆیانە، پشتگیری لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەن و، نایانەوێت بچووكترین كێشە لە نێوان لایەنەكاندا روو بدات".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار