دوو وه‌زیرى نوێ سوێند ده‌خۆن و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌میش بۆ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت

به‌غدا -KDP.info- په‌رله‌مانتارێكى كورد له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕایده‌گه‌ینێت، له‌دانیشتنى ئه‌مرۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌ك خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌میان بۆ ده‌كرێت و بریاریشه ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌ك بدرێت و دوو وه‌زیریش سوێندى یاسایى ده‌خۆن كه نه‌توانرا له دانیشتنى پێشوو ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت به‌هۆى شه‌ڕه‌بۆكسى دوو لایه‌نى ڕه‌وتى سه‌در و ده‌و‌ڵه‌تى یاسا.
ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق (د. ئه‌شواق جاف) به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "ئه‌مـرۆ پێنجشه‌ممه سه‌عات (11)ـى پیش نیوه‌رۆ دانیشتنى ژماره (42)ـى خولى یاسادانانى دووه‌م له ساڵى یه‌كه‌مى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت."
)جاف) گوتیشى: "له كارنامه‌ى دانیشتنه‌كەدا هاتووه سه‌ره‌تا هه‌ردوو وه‌زیرى پیشه‌سازى و كانزاكان و سه‌رچاوه‌كانى ئاو سوێندى یاسایى ده‌خۆن كه له دانیشتنى پێشوودا به‌هۆى شه‌ڕه‌وه نه‌توانرا ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، دواتر ده‌نگدان ده‌بێت بۆ پڕۆژەیاساى تۆڕى ڕاگه‌یاندنى عێراقى، له دواى ئه‌وه ده‌نگدان ده‌بێت بۆ چوار پڕۆژه‌یاسا یه‌كه‌م: ده‌نگدان به‌شێوه‌ى ده‌ست پێك بۆ پێشنیازى یاساى هه‌مواركراوى دووه‌م له‌یاساى گۆرینى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان ژماره (6)ـى ساڵى 2006، دووه‌م: ده‌نگدان ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى پاسپۆرت، كه یاسایه‌كى گرنگه و به په‌سه‌ندكردنى خه‌ڵكى به‌گشتى لێى سوودمه‌ند ده‌بن و چاوه‌ڕێى په‌سه‌ندكردنى ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ دوو پڕۆژەیاساى تریش بڕیاره ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، دواتریش ڕاپۆرتى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى ده‌بێت له‌باره‌ى كارى لیژنه‌كه."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق زیاتر گوتى، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساى په‌سه‌ندكراوى ڕێككه‌وتنامه‌ى هاریكارى بازرگانى نێوان عێراق و كوێت و پڕۆژەیاساى په‌سه‌ند كردن له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنى شه‌راكه‌ت له پێناو هاریكارى ڕ‌ۆشنبیرى و زانستى له‌نێوان حكوومه‌تى عێراق و فه‌ره‌نسا ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میش بۆ دوو پڕۆژەیاسا ده‌كرێت، یه‌كه‌م: پڕۆژه‌یاساى چوونه ڕیزى عێراق بۆ ده‌ستوورى ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ كۆچبه‌ران، دووه‌میش: پڕۆژه‌یاسایى گرێبه‌ستى نێوان وه‌ڵاتان ده‌بێت.
نه‌شوان به‌رزنجى




