جەعفەر ئیمینكی: هەرچی لە بەرژەوەندیی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی شەڕی داعشدا بێت دەیكەین

مەخموور-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشمەرگە ئازایانە شەڕ دەكات و بە گیانی لە خۆبووردووییەوە و بە هەستێكی نەتەوەیی و نیشتمانی داكۆكی لە دەستەبەركردنی تەواوی مافی پێكهاتەكان و پاراستنی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا دەكات و، ناو و نازناوی بووەتە جێگای بایەخ و تێڕوانینی ناوچەكە و جیهانیش.
بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان و ڕیزگرتن لە خەبات و هەوڵی بێوچانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، هەروەها بە مەبەستی لە نزیكەوە بینین و بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری محوەری مەخموور و ستاییشكردنیان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (جەعفەر ئیمینكی) و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی (ئومێد خۆشناو) و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان، سەردانی میحوەری مەخموور و هێزی پشتیوانییان كرد و لە لایەن سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ (سیروان بارزانی) و بەرپرسی میحوەری مەخموور و بەرپرسی لقی 23 و بەرپرسی لقی دوو و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازییەوە پێشوازی كران.
لە دیدارێكدا دوای ئاماژەكردن بە ڕۆڵی گرینگی هێزەكانی پێشمەرگە و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە هەموو سەنگەر و میحوەرەكانی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ستاییش و ڕێز و وەفای خەڵكی كوردستانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندە و پێشمەرگەكانی سنووری میحوەری مەخموور و تەواوی سنوورەكانی دیكە دەربڕی.
جەختیشی كردەوە، ئەمڕۆ پێشمەرگە ئازایانە شەڕ دەكات و بە گیانی لە خۆبووردووییەوە و بە هەستێكی نەتەوەیی و نیشتمانی داكۆكی لە دەستەبەركردنی تەواوی مافی پێكهاتەكان و پاراستنی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا دەكات و، ناو و نازناوی بووەتە جێگای بایەخ و تێڕوانینی ناوچەكە و هەموو جیهان و سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و، بە شەونخوونی و قوربانیدان و خوێنی هەزاران شەهید، ئەمڕۆ كیان و ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان لە ئاواتە نەتەوەییەكانی نزیك دەبێتەوە.
(ئێمینكی) گوتیشی: "لەم پێناوەدا سەری ڕێز و وەفا و خۆشەویستیمان بۆ شەهیدان و بنەماڵەكانیان دادەنەوێنین و، دڵنیایان دەكەینەوە وەكو پەرلەمانی كوردستان هەرچی لە بەرژەوەندیی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی شەڕی داعشدا بێت، خزمەتیان بكەین و بە یاسا تەواوی ژیانیان بۆ فەراهەم بكەین".
پاشان (سیروان بارزانی) و (نەجات عەلی) و (عەلی حوسێن) ئاماژەیان بە كاریگەریی ڕۆڵی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ چاودێریكردنی ڕەوشی ناوچەكە و پێشكەشكردنی یاسای تایبەت بۆ باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان و برینداران.
هەروەها هەریەك لە بەرپرسان، پاراستنی كوردستانیان بە ئەركێكی نەتەوەیی و خزمەتكردن بە نیشتمان دانا و جەختیان كردەوە، "پێویستە هەموومان هەماهەنگ و هاوكار بین بۆ دەرچوون لەم قۆناخە هەستیارە".
هاوكات شاندی پەرلەمانی كوردستان سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان بەسەر كردەوە و، لە نزیكەوە ڕەوشی پێشمەرگە و بارودۆخی ناوچەكەیان بینی و تەئكیدیان لە پشتگیری و هەماهەنگیی تەواو بۆ پێشمەرگە كردەوە.




