یەكەی نیشتەجێبوون دەدرێتە كەسوكاری شەهیدان

هەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی یان یەكەی نیشتەجێبوون دەدرێتە كەسوكاری شەهیدانی جەنگی تیرۆریستانی داعش.
وەزیری شارەوانی و گەشتووگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نەورۆز مەولوود) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە واژۆ كراوە بۆ ئەوەی زەوی یان خانوو بدرێ بە خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكانمان".
(نەورۆز) گوتیشی: "كەسوكاری شەهیدانی جەنگی تیرۆر دەتوانن هەڵبژێرن كە یەكەی نیشتەجێبوون یاخود زەوی وەربگرن، بێگومان بەپێی داواكاری و خواستی خۆیان بۆیان جێبەجێ دەكرێت".
پێوەست بە وادەی جێبەجێكردنی بریارەكەیشەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: "بڕیارەكە كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕوانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانین لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئەو لیستانەمان بۆ رەوانە بكەن و ئێمەیش دەست بەو رێكارانە بكەین كە سەرۆكی حكوومەت فەرمانی كردووە".




