گفتوگۆكانی نێوان حدكا و پەكەكە درێژەیان دەبێت.. هێشتا رێككەوتن نەكراوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئێمە و پەكەكەدا كە لەسەر دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێم ئەنجام درا، هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام بڕیار درا كە كێشەكانی نێوانمان لە رێگەی گفتوگۆوە چارە بكەین".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (محەممەد ساڵح)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكە كۆ بوونەوە و لە كۆبوونەوەكەیشدا هیچ رێككەوتنێك نەكرا، بەڵام بڕیار دراوە كێشەی نێوانمان لەرێگەی گفتوگۆوە چارە بكەین، بۆ ئەم مەبەستەیش بڕیارە بەم زووانە جارێكی دیكە كۆ ببینەوە".
(ساڵح) گوتیشی: "قبووڵكردنی دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێم لەلایەن هەردوولاوە، خۆی لە خۆیدا ئەرێنییە، بۆیە ئێمە ئامادەین ئەو كێشەیە لە رێگەی دیالۆگەوە چارە بكەین و كۆتایی بەو كێشەیە بهێنین".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكرات ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە ئامادەین هیچ كێشەیەك دروست نەكەین تاوەكو دەگەینە رێككەوتن و ئومێدەوارین لایەنی بەرانبەریش بە هەمان شێوە بێت، بۆ ئەوەی دانوستانەكان ئەنجامیان هەبێت".
بڵند ئیبراهیم




