عەلی تەتەر: دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ، بەرهەمی شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵانن

سۆران-KDP.info-بەرپرسی لقی 10ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سۆران دەڵێ، ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و دروستبوونی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان و ئەو پشتگیرییەی ئەمڕۆ لە میللەتی كورد دەكرێت، بەرهەمی شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵانن.
بەرپرسی لقی 10ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سۆران(د. عەلی تەتەر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە پیلانێكی نێودەوڵەتی شۆڕشی ئەیلوول دووچاری نسكۆ بوو، سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراق (ئەحمەد حەسەن بەكر)، سێ جار لەسەر یەك گوتی، بۆ هەتاهەتایە كورد و شۆڕشی كوردی لەناو چوون، بەڵام شۆڕشی گوڵان لە 26ـی گوڵاندا جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە و ئەوەیش بۆ ئەوە بوو كە بسەلمێندرێت كورد زیندووە و هیچ كاتێك نامرێت و دەتوانێت هەستێتەوە سەر پێ، هەتا ڕادیۆی دەنگی كوردستانیش كە كرایەوە، یەكەم وشە كە لەو رادیۆیە دەرچوو ئەوە بوو، شۆڕشی كوردی بە كۆتا نەهاتووە، ئەوە بوو (بارزانی نەمر) و (سەرۆك بارزانی) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد، بڕیاریان دا كە شۆڕشێكی دیكە بە ناوی شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵانەوە دروست بكەنەوە".
(تەتەر) گوتیشی: "شۆڕشی گوڵان بە ژمارەیەكی كەم لە پێشمەرگە قارەمانەكان دەستی پێ كرد، دواتر بەرەی كوردستانی دروست بوو، ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991 یەكێك لە بەرهەمەكانی شۆڕشی گوڵان بوو، كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی كورد ئەنجامی ئەو شۆڕشەن، حكوومەت و پەرلەمان دەستكەوتی شۆڕشی گوڵانن، شۆڕش توانی كێشەی كورد لە قۆناخێكەوە بباتە قۆناخێكی دیكە، ئەمڕۆ میللەتی كورد بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) گەییشتووەتە ئەو قۆناخە كە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەیش هەموو بۆ بەرهەمی شۆڕی گوڵان دەگەڕێتەوە".
ڕابین شێروانی




