پارتی پێداگرە لە بەشداریی گشت هێزەكان بۆ ئەو پڕۆژانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردستان لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، پارتی جەخت دەكاتەوە كە دەبێت سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە و هەروەها پڕۆژەی دەستووری كوردستانیش، سەرجەم هێزەكان تێیدا بەشدار بن و بە دەنگی لایەنێك یەكلا نەكرێنەوە، ئەمەیش دەرخستەی واقیعی حكوومەتی بنكەفراوانە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (ئامینە زكری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە و پڕۆژەی دەستووری كوردستانیش، سەرجەم هێزەكان بەشدار بن تێیاندا.
(زكری) گوتیشی: "ڕاستە ئێستا پەرلەمان سیستەمی زۆرینە و كەمینەی هەیە و پێڕۆ دەكرێت، بەڵام وەك پارتی پێمان وایە ئەو پڕۆژانەی نیشتیمانین و پەیوەندییان بە ژیانی هەموو كۆمەڵگاوە هەیە، دەبێت سەرجەم هێزەكان بەشدارییان تێدا بكەن، چونكە ئێمە لە سەرەتایشەوە باوەڕمان بەوە هەبووە دەبێت حكوومەتی بنكەفراوان هەموو لایەنەكان بگرێتەوە و لایەنێك خۆی بە شەرعییەتدار نەزانێت و لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخات".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "پارتی نایەوێت چەند لایەنێك لە پەرلەمان خۆیان بسەپێنن و لایەنەكانی دیكە فەرامۆش بكرێن، بۆیە ئاگاداری سەرجەم لایەنەكانی پەرلەمانمان كردووەتەوە لەوەی پارتی داوای سازانی لایەنە سیاسییەكان دەكات".
كارزان هەورامی




