داعش مزگەوتێكی دیكەی تەقاندەوە

مووسڵ-KDP.info-سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی شاری مووسڵ دەڵێ، تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ مزگەوتێكیان تەقاندەوە و ژمارەیەك گەنجیشیان كوشتوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند :"ئەمڕۆ چوارشەممە تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی باب ئەلتۆپی رۆژئاوای شاری مووسڵ مزگەوتی (بەكر ئەفەندی)ـی مێژووییان تەقاندەوە كە لەلایەن (یوونسی كوڕی عەبدولدائیم) لە ساڵی 1207ـی كۆچیدا دروست كراوە و وەكو قوتابخانەیەكی ئایینی، وانەی تێیدا خوێندراوە.
ئەو بەرپرسەی ڕاگەیاندی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەشڵێت: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش سێ گەنجیان لە بەرزاییەكەوە فڕێ داوەتە خوارەوە كە بە تۆمەتی كوشتن تاوانبار كرابوون و، هەروەها نۆ چەكداری خۆیشیان كوشتووە دوای ئەوەی بردوویانن بۆ ناو خانوویەك و دواتر تەقاندوویانەتەوە".
(مەموزینی) زیاتر گوتی، لاشەی 46 كوژراوی تیرۆریستانی داعش بۆ پزیشكی دادی مووسڵ گەڕاوەتەوە كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان و بۆدوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراون.
نەشوان بەرزنجی




