پارەیەكی زۆر بۆ حەشدی شەعبی بەهەدەر دەدرێت

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێ، پێشمەرگە ١٢٠٠ كلیومەتری چوارگۆشە خاك دەپارێزێ، كەچی بەغدا بوودجەكەی نانێرێ و پێشێلی رێككەوتننامەی هەولێر و بەغدا دەكات. هەروەك گوتیشی، لە بوودجەی عێراق بەشێكی زۆر بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی بەهەدەر دەدرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ماجید شنگالی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی گوت، پارەیەكی زۆری بوودجەی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی بەهەدەر دەدرێت، بە جۆرێك بەشێك لەو بوودجەیەی بۆ ساڵی 2015 دانراوە، پشكی شێر بەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق كەوتووە و ئەمەیش وای كردووە لە عێراقدا بواری ئەمنی لە هەموو بوارەكانی دیكە زیاتر بوودجەی بۆ تەرخان بكرێت.
راشیگەیاند: "بە داخەوە ئەو هەموو پارەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەكان خەرج دەكرێت، كەچی دەبینن حاڵی ئەمنیی عێراق بەو شێوەیەیە لە كاتێكدا ئەو هەموو پارە خەرج كراوە، كوا ئەمنییەتی عێراق؟ لە هەمووی كارەساتتر ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان 1200 كیلۆمەتر خاكی ئەم وڵاتە دەپارێزێت و خوێنی بۆ دەڕێژێت، كەچی بۆ 5 مانگ دەڕوات پارەی پێشمەرگە نەنێردراوە، ئەی ئەوە پێشێلكردنی ڕاستەوخۆی مافەكانی پێشمەرگە نییە؟ لە كاتێكدا پێشێلكردنی تەواوی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدایشە".
هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران (حەسەن جیهاد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە 2013ـدا نزیكەی 18 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق خەرج كراوە، ئەی كوا پێشكەوتنەكانی ئەمنییەتی عێراق؟ ئەو پارەیە بۆ چی خەرج كراوە؟ بۆیە دەبێت لەو بارەیەوە بەدواداچوون بكرێت".
كارزان هەورامی




