٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: ھۆکاری سەرەکی ھەوڵی کودەتا بەھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەکاری-KDP.info-  سەرۆککۆماری تورکیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) لە رێوڕەسمی کردنەوەی فڕگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی گوتارێکی پێشکەش کرد و، بە ھەردوو زمانی کوردی و تورکی سڵاوی لە جەماوەر کرد. (ئەردۆغان) رایگەیاند کە "ئێستا بۆ ھەکاری، گەڤەر، چوکورجا، شەمزینان، شاری ورمێ (رەزائییە)ـی ئێران قۆناغێکی نوێ کرایەوە".

(ئەردۆغان) رایگەیاند کە کردنەوەی ئەو فڕگەیە دوو ساڵ دواخراوە و لەم ماوەیەشدا ٩٩ جار ھێرش کراوە و ئامێری کارکردن سووتێنراوە و ھەڕەشە لە بەڵێندەرەکان کراوە.
وەک (ئەردۆغان) گوتی، فڕگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی تەنھا بۆ خەڵکی ھەکاری کراوەتەوە، ھاوکات ئەم فڕگەیە ٦٥ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری ھەکاری و پێنج کیلۆمەتریش لە ناوەندی شارۆچکەی گەڤەر، بەم پێیەش خەڵکی ناوچەکە دەتوانێت لەم فڕگەیەوە بۆ ھەموو شارەکانی دیکەی تورکیا گەشت بکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا هاوکات رەخنەی لە چەند لایەنێک گرت بەوەی، کە رێگر بوون لە دروستکردنی ئەو فڕگەیە و گوتی: "ئەوانە برای کوردی ئێمەیان خۆش ناوێت. ستەم دەکەن، ئێمە برا کوردەکانمان خۆش دەوێت لەبەر ئەوەی خوا ھەروەکو ئێمە ئەوانیشی خوڵقاندووە. لەبەر ئەمە جیاوازی لە نێوان ئێمەدا نییە، عەرەب، کورد، تورک، چارکەز، جۆرجی، بۆ ئێمە یەکە".
(ئەردۆغان) راشیگەیاند کە پاریش نەخۆشخانەیەکی ١٥٠ قەرەوێڵەییان بۆ گەڤەر کردووەتەوە و، بەڵام خەڵکەکە ھەڕەشەی لێ کراوە بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئامادە نەبێت.
سەرۆککۆماری تورکیا رایشیگەیاند کە، لە قۆناغی داھاتوودا ھەنگاوی گرینگ دەنێن و گوتیشی: "قۆناغی چارەسەری بەھەمان بەرقەراریی خۆی بەردەوام دەبێت، چونکی ئەم قۆناغە بۆ پەکەکە و پارتە درێژکراوەکەی دانانراوە، بەڵکو بۆ گەلەکەمان دەستی پێ کردووە. بەھەمان شێوەش پێداگرین لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناغە".
(ئەردۆغان) ئاشکرایشی کرد کە ئەوان بۆ قۆناغی چارەسەری مەترسیی زۆریان ھاتووەتە پێش و رووبەڕووی چەندین لایەن و دەزگا بوونەتەوە. گوتیشی، ھۆکاری سەرەکیی ھەوڵی کودەتا بەھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە بووە.

لە ئانادۆڵەوە
 

هەواڵی پەیوەندیدار