خەسرۆ گۆران: زۆر گرینگە یەكدەنگی بپارێزرێت.. پاشگەزبوونەوە لەلایەن بەغداوە دەبیندرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "سەرباری هەموو ئەو بیروڕا جیاوازانەی كە هەمانن، بەڵام توانیومانە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كورد لە بەغدا بپارێزین".
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خەسرۆ گۆران) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستایش هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دروستكردنی هاوپەیمانەتییەكی كوردستانی كە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان لە خۆ بگرێت، بەڵام هێشتا دەروازەیەكی هاوبەش نەدۆزراوەتەوە كە سەرجەم لایەنەكان لەسەری ڕێك بكەوین، ئەوەیش كە ماوەتەوە دانیشتنی سەرجەم هێزەكانە و ڕێككەوتنە لەسەر ئەو هاوپەیمانەتییە".
(گۆران) گوتیشی: "بۆ كورد لەم قۆناخەدا زۆر گرینگە هاوپەیمانی و برایەتی و یەكدەنگی بپارێزێت، چونكە ئەوەی هەست دەكرێت جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە یان جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن بەغداوە دەبینرێت، لە كاتێكدا ئێمە لە مانگی نیساندا پابەند بووین بەوەی ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە بكەین، بەڵام بەغدا بڕەپارەیەكی وەهای نەناردووە كە شیاوی ڕێككەوتنەكە بێت، ئەمەش وادەكات كە ئێمە لە بەرانبەر بێهەڵوێستیی بەغدادا، یەكهەڵوێست بین".
سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیشی خستە ڕوو: "لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا چەند دەروازەیەك هەیە وەك بیرۆكە كاریان لەسەر دەكرێت، یەكەم یان ئەوەتا سەرۆكوەزیران (حەیدەر عەبادی) بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە بدات، یانیش وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی كورددا كۆ ببێتەوە و وەڵامیان بداتەوە، یاخود پێویستە ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە و كوردستان خۆی نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت".
كارزان سەباح هەورامی




