پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانی دەچێیتە دوای پشووی یاسادانانی پەرلەمانەوە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هێشتا لایەنەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیە رەنگە پەسەندکردنی بکەوێتە دوای پشووی یاسادانانی پەرلەمانەوە.
(شاخەوان عەبدوڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "گفتوگۆکردن لە لیژنەکەیان لەبارەی پڕۆژەیاسای گاردی نیشتیمانییەوە تەواو بووە، بەڵام بەبێ ئەوەی تەوافوقی لەسەر بکرێت، ئاخر لایەنێک زۆرینەیە و لایەنەکانی دیکەیش پێی رازی نین، هەڵبەت دوو رۆژێک لەبەردەستدا ماوە و، دواتر پشووی یاسادانان دەست پێدەکات، بۆیە ناتوانن پەسەندی بکەن و دوادەخرێت بۆ دوای پشوو."
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "کێشەی ئێمە لەو پڕۆژەیاسایە لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمە کە نابێت ھیچ ھێزێک بەبێ پێشمەرگە لەو ناوچانە دروست بێت و، بەرپرسە سەربازییەکان لەلایەن پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاوە دیاری بکرێن."
باوەڕیشی وایە کە دروستکردنی ئەو ھێزانە نادەستوورییە، چونکە پۆلیسی ئیتحادی ھەیە و ھەمان ئەرکی ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




