شۆڕشی گوڵان توانیی كێشەی ڕەوای گەلی كورد بگەیهنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 39 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز تێپەڕ دەبێت، لە 26ـی گۆلانی 1976 بە فەرمانی بارزانی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان یەكەم بڵیسەیدا.
شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكدا هەڵگیرسا كە جۆرێك لە بێئۆمێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، شۆڕشی گوڵان نەك هەر بێئۆمێدی ڕەواندەوە، بەڵكو ئۆمێدیشی خستەوە نێو ڕێزەكانی خەبات و گیانی ئازادیخوازانەی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان، هەر بۆیە لە سەرەتاكانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، تێكۆشەران و ئازادیخوازانی كوردستان بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بەشداریان لەو شۆڕشە ئومێد بەخشەیان كرد.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، شۆڕشی گوڵان، بەهێزترین شۆڕشی كورد بوو، چونكە زۆرترین پارتی سیاسیی كوردی تێدا كۆ كرابوونەوە، مكوڕبوونی گەلی كوردیشی بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەلماند و لە ئەنجامیش بەشێكی زۆری ئامانجەكانی ئەو شۆڕشە دەستەبەربوون.
دەستپێكردنی شۆڕش
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ گوتی: لە رۆژی 26ـی گوڵانی ساڵی 1976 توانرا یەكەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەكانی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. هەر لەو كاتەدا توانرا بە هەموو دووژمنانی كورد ڕابگەیهندرێت كە كورد شكەستی نەهێناوە و دەتوانێت لە شۆڕشدا بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكی زۆر سەختدا هاتە پێش كە ئەوكات دووژمنانی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگر بێت لە پەڕەسەندنی شۆڕشدا. سەركردایەتیی شۆڕش لەسەر خەباتی خۆی مكوڕبوو، توانی بە شێوەی پارتیزانی بە قووڵایی وڵاتدا بسووڕێتەوە، هەروەها شۆڕش توانی لەو كاتە رادیۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت و سەركردایەتیی شۆڕش توانی، سەركردایەتیی كاتییش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت."
هۆكاری دروستبوونی شۆڕشی گوڵا
(عەلی عەونی) باس لە هۆكاری سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵان دەكات و دەڵێت: "كاتێك شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، بە پاڵپشتیی گەلی كورد بەردەوام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970، كە كورد توانی نێوماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێكبخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیا بوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی جەزائیر برد، كە لە نێوان شای ئێران و (سەددام حوسێن)ـدا مۆر كرا، كە ئەو كات جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو و سەرۆككۆماری ئەو كاتی جەزائیر ناوبژیوانی ڕێككەوتنەكە بوو، بە هۆی ئەو ڕێككەوتنە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تا ڕادەیەكی زۆر تووشی نائۆمێدی بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائۆمێدییە و وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی (بارزانی نەمر) و بەسەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو، كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی."
سیاسهتمهداری کورد (د. مەحموود عوسمان) سهبارهت به ههڵگیرسانهوهی شۆڕش، گوتی: "هۆكاری دروستبوونی شۆڕشی گوڵان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كاتێك كە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو، (سەددام حوسێن) و رژێمەكەی وایان دەزانی كە كورد ئێدی تێچوو و هەستانەوەی بۆ نییە، كورد ڕەوشی خراپ بوو، هەندێكیان دوور خرانەوە بۆ خوارووی عێراق، هەندێكیان، سیاسەتی خراپ بەرانبەریان بەكار دەهێنرا و دەربەدەر بوون، لەبەر ئەوە دیار بوو كە كورد بهو ڕەوشە ناڕازییە، بەرە بەرە سیاسەتی کورد ئەوە بوو جارێكی دیكە دەست بە شۆڕش بكاتەوە و بەرگری لە خۆی بكات، ئیتر ئەوەبوو شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا و وەڵام دانەوە بوو بۆ سیاسەتی حكوومەتی بەعس، بە هێز و ڕۆحیەتێكی نوێ هاتەوە مەیدان و توانی هیوا و ئاوات بۆ گەلی كورد بگەڕێنێتەوە."
پێویستیی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش ڕاپەڕین، شۆڕش كۆتایی پێنەهاتووە، بەڵكو بە سەربەخۆبوونی كوردستان بە كۆتا دێت، لە شۆڕشگێڕی بەرەو قۆناغی دەوڵەتبوون و مەدەنیەت دەچین، ئێستا گەلی كورد لەبەردەم گۆڕانكاریەكی زۆردایە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، كورد خەبات دەكات بۆ ئەوەی بە ئاواتەكانی خۆی بگات، كە لە باشووری كوردستان كورد بەرەو سەربەخۆبوون و دەوڵەت بوون دەچێت، لە باكووری كوردستان بەرەو خەباتی مەدەنی هەنگاو دەنێت، لە رۆژئاوا دكتاتۆر بەرەو رووخان دەچێت، لە رۆژهەڵات حزبەكان بەرەبەرە بۆ ئازادیی خۆیان كار دەكەن و بەرگری لە مافی كورد دەكەن، كە ئەوەیش لە ئەنجامی خەباتی گەلی كوردە، زەمینەی باش هەیە، كە هەموو پارت و لایەنەكان لەسەر ئاستی پارچەكان رێز لە خەباتی یەكدی بگرین، هاوكار بین بۆ تەواوكردنی یەكدی، فكر و هزری خۆمان لەسەر یەكدی فەرز نەكەین، بەڵكو چاومان لەوە بێت لە هەر پارچەیەكی كوردستان كورد پێویستی بە هاوكاری بێت دەستی هاوكاری بۆ درێژ بكەین، نەك فكر و پڕۆژەی داگیركەری بەسەریەكدا بسەپێنین".
دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان
(عەلی عەونی) زیاتر دەڵێ: "دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، كە هیچ وڵاتێكی دونیا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات، ئەمڕۆ ئێمە لە زۆربەی دانیشتنەكاندا بەشدارین، كە لە كاتی شۆڕشی گوڵان گەلی كورد بێجگە لە خوا و ئەو هیوایەی هەیانە هیچی دیكەیان نەبوو، كە ئەو كات هەموو جیهان پشتگیرییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد، بۆیە دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن و بریتین لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی."
بەڵام هەرچی (د. مەحمەود عوسمان)ـە دەڵێت: "دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991، كە ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو یەكڕیزی و تەبایی و گیانی تێكۆشانەی خەڵكی كوردستان بوو، كە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا هەڵگیرسا."
(د. مەحموود عوسمان) کە ئێستا چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی ئەو شۆڕشەیشە، گوتیشی: "بە ڕێبەرایەتیی (بارزانی نەمر)، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و کاک (ئیدریس بارزانی) سەركردایەتیی شۆڕشیان دەكرد، (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو، لە سەرپەرشتیكردنی هەموو دەزگاكانی حزبیدا، هەروەها لە قۆناغەكانی شۆڕشدا ڕۆڵێكی گرینگی هەبوو لە پەیوەندییەكان و لە بواری سەرپەرشتیكردنی لەشكر و لە بواری راگەیاندن، هەروەها لە شەڕیش دەورێكی باڵای هەبوو، بەتایبەتی شەڕی خواكوركدا."
(عەلی عەونی)ـیش دەڵێت، لە شۆڕشی گوڵاندا هەموو ئەو ناوچانەی ئازاد كرابوون كرانە شوێنی خەباتی هاوبەش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كە ئەو كات هەبوون، پارتی و بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، وەك ئەندازیاری فكری خەباتی هاوبەش، كارێكی باشی كرد بەرەی كوردستانی دروست بوو، دەبێت هەموو لایەنەكان ئیمان بە خەباتی هاوبەش بهێنن، توانی بەربەستەكانی كوردستان بشكێنێت و قۆناغی پارتیزانییش زیاتر بكات، كە تا ئێستایش ئەو حكوومەتەی دروستبووە بەرهەمی بەشداری و هاوبەشیی ئەو لایەنانەیە كە بەردی بناغەیان لە ناوەڕاستی شۆڕشی گوڵاندا بۆ دانرا.
(د. مەحموود عوسمان) جیاوازیی شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول لەوەدا دەبیةیتەوە کە: شۆڕشی گوڵان هەمان گەوهەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونكە بە شێوە و تەكنیك و بزاوتێكی نوێتر هاتە كایەوە، لە شۆڕشی گوڵان، جگە لە پارتی، حزبە كوردستانییەكانی دیكەی لە خۆ كۆكردبووهوە، بۆیە شۆڕشێكی سەركەوتوو بوو، توانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات، دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەدەكردەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە و ترسێكی گەورەیشی لە دڵی دووژمنان دروست كرد.
لە "هەولێر"ـەوە




