٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چوار بژاردەی سەربازی بۆ شەڕی داعش

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info-  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (گلۆب‌ئاند‌مەیل)ـی کەنەدا بەرپرسان لە ئەمەریکا و، بەریتانیا و، هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش تاڕادەییەک متمانەیان بە سوپای عێراقی لاواز بووە.

شارەزایانی بواری بەرگری و ئاسایش و، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن چوار بژاردە هەیە کە بتوانرێت شەڕی داعش و شکستی داعشی پێ یەکلایی بکرێتەوە کە ئەوانەن:
خاڵی یەکەم: دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی زیاتر و ڕاهێنانی چڕتر و خێراتر بۆ هێزە عێراقییەکانی چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری. بۆ ئەو مەبەستەش (دکتۆر لوپرێت) شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرگری لە زانکۆی (کوین) و کۆلێجی سەربازی شاهانە گوتی، چەکی گەورەتر و باشتر چارەسەری گرفتی سەرکردایەتیکردنی سوپا ناکا، سوپا سەرکردایەتیکردنی پێویستە و هەروەها ڕاهێنانی پێویست و خێراش کە بتوانرێت شەڕی زەمینی پێ ئەنجام بدرێت.

خاڵی دووەم: ناردنی هێزی پیادە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرپرسانی ئەمەریکا و شارەزاییانی بواری سەربازی نێودەوڵەتیش ئەو ڕاستییە دەزانن هەر بە هێرشی ئاسمانی داعش ناشکێت. بەڵام ئەوان دەیانەوێت هێزە ناوچەییەکان واتە هێزەکانی عێراقی دەبێت خۆیان ئەو کارە بکەن.

دکتۆر (تۆماس جۆنیو) پڕۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئۆتاوا دەڵی: "من وای دەبینم ئەگەر هیچ هێزێکی دەرەکییش نەنێررێت بۆ عێراق ئەوا هێزێکی تایبەتی ئەمەریکایی پێویستە بۆ هەڵکوتانە سەر بنکە ستراتیژیکەکانی داعش."

خاڵی سێیەم: پڕچەککردنی هۆزە سوننەکان، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە حکوومەتی عێراق خاوە لە دابینکردنی چەک و دروستکردنی هێز بۆ هۆزە سوننەکانی ڕۆژئاوای عێراق. شارەزاییان پێیان وایە ئەگەر بێت و سوننەکان پڕ چەک بکرێن پێویستە سەرەتا ئامادەیی سیاسی لەنێوان سەرکردەکانی عێراقیدا دروستبکرێت بۆ ئەوەی گرژیی نێوان سوننە و شیعەی لێ نەکەوێتەوە.

خاڵی چوارەم: ڕێگە لە میلیشیا شیعەکان نەگیرێت شەڕی داعش لە ناوجەرگەی ناوچە سوننەکاندا بکەن، شارەزایانی نێودەوڵەتی پێیان وایە ناردنی ئەو میلیشیا شیعانەی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات کاریگەری خراپیان دەبێت لەناوچەی سوننە نیشینەکان. لەوانەیە بتوانن شەڕی داعش بکەن بەڵام خزمەتی دۆخەکە ناکەن و گرفتەکە گەورەتر دەبێت و، هەروەها  ئەو هەستیارییەی کە لەنێوان شیعە و سوننەدا هەیە قووڵتر دەبێتەوە.

و/ خالید ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار