كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون چارە دەكرێت.. وەبەرهێنەر پابەند كراوە یەكەیان بۆ دروست بكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون رایگەیاند، هەر هاووڵاتییەك پارەی دابێت دەبێتە خاوەنی خانوو و شوققەی خۆی، ئەگەر كەسێك پارەی دابێت و یەكەكەی بوونی نەبێت، ئەوا وەبەرهێنەر پابەند كراوە یەكەیەكی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییەكە دروست بكات.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون (عوسمان شوانی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی دوو مانگدا كێشەكانی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوونمان دەستنیشان كرد كە كێشەیان تێدایە یان تەواو نەكراون یاخود خزمەتگوزارییان بۆ نەبردراوە".
(عوسمان شوانی) گوتیشی: "ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێم بڕیاری دا پێشنیازەكانی ڕاپۆرتی لیژنەكەی ئێمە پەسند بكات كە 15 پێشنیاز بوو بۆ چارەكردنی كێشەی پڕۆژەكانی نێشتەجێبوون".
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئاماژەی بەوە دا، ئامانجیان لە كارەكەیان ئەوە بوو كەوا چۆن مافی هاووڵاتیان بگەڕێننەوە لە دابینكردنی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە شوققە یان خانوو.
دەشڵێت، "ئامانجی سەرەكیمان گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتیانە، چونكە كێشەی هاووڵاتیان، كێشەی حكوومەتە، حكوومەتیش ئەوەی لە ئەستۆدایە هەر هاووڵاتییەك پارەی دابێت، ببێتە خاوەنی خانوو و شوققەی خۆی، ئەگەر كەسێك پارەی دابێت و یەكەكەی بوونی نەبێت، ئەوا وەبەرهێنەر پابەند كراوە یەكەیەكی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییەكە دروست بكات".
(عوسمان شوانی) گوتیشی، "184 پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون لە كوردسنان هەیە كە 4 پڕۆژەیان مۆڵەتەكانیان وەرگیراوەتەوە، لەو 180 پڕۆژەیە 53 پڕۆژەیان تەواو بوون و 127 پڕۆژەیان تەواو نەبوونە و كێشەیان هەیە، 23 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سندوقی نیشتەجێبوون خەڵكیان تێدا سوودمەند بووە، ئەوانی دیكە شوققە و یەكەو ڤێللان لە دەرەوەی سندوقی نیشتەجێبوون".
(شوانی) ئاماژەیشی دا، "هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بەرانبەر هەموو وەبەرهێنەرێك كە مافی هاووڵاتیانی خواردبێت".
یەحیا سابیر




