٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەزیفی: ئاماده‌ی دانوستانین.. حكوومه‌ت چووه‌ته‌ به‌ینی حدكا و په‌كه‌كه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی چارەكردنی كێشەی نێوان ئێمە و پەكەكەدایە و ئەمڕۆیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ئێمەیان كرد و بڕیارە قسە لەگەڵ ئەوانیش بكەن بۆ ئەوەی بەیەكەوە دابنیشین و گرفتەكان چارە بكەین".

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (محەممەد نەزیفی قادری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا هێزەكانی ئێمە لە شوێنی خۆیانن و نەكشاونەتەوە، بەڵام شەڕەكە وەستاوە و هەردوولا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، ئەمڕۆیش نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (كەریم شنگالی) سەردانی ئێمەی كرد بۆ ناوبژیوانیكردن و بڕیارە لەگەڵ ئەوانیشدا قسە بكەن ئەگەر رازی بن، دانیشتنێك لەنێوان هەردوولا بە بەشداریی نوێنەری حكوومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت".

(قادری) گوتیشی، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارە بكات و كۆتایی پێ بێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی حیزبی دیموكرات ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە پێش ڕووداوەكە بە دەیان جار لە رێگەی دۆستان و كەسایەتی و پەرلەمانتارانەوە داوامان كرد گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پرسە بەو ئاقارەدا نەڕوات، بۆیە لە هەموو حاڵەتێك ئامادەین بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە لە رێگەی سیاسییەوە و پێمان وایە ئەو شەڕە لە خزمەتی كورد، بزووتنەوەی كوردی و خەڵكی كوردستاندا نییە".


بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار