شێخ جەعفەر: گرووپە توندڕۆكانی دیالە هەڕەشە لە كورد دەكەن

خانەقین- KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ئاماژە بە گرووپە نەناسراوەكان دەكات كە، لە نێوان خانەقین و بەعقوبەدا دەستیان بە ئازاردانی خەڵكی كردووە و هەڕەشەیش لە كورد دەكەن.
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین (شێخ جەعفەر) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گرفتێكی گەورە لە ناوچەی (تلعادە) بۆ كورد دروست بووە كە دەكەوێتە نێوان خانەقین و بەعقوبە بەوەی گرووپێك بازگەیان داناوە و ئازاری خەڵك دەدەن و پارەیشیان لێ دەستێنن، ئەم دیاردەیەیش زیادی كردووە بە تایەبەتی بۆ هاووڵاتیانی كورد كە دەیانەوێت بچنە بەغدا".
(شێخ جەعفەر) گوتیشی: "گرووپێك لەو چەكدارانە كە خۆیان بە سوپای عێراق ناساندووە، لەم ڕۆژانەدا بە ئۆتۆمبێلی جامڕەشەوە هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵی بەرپرسێكی پارتی و خوشكەزایەكیان ڕفاندووە و داوای پارەیان كردووە، بۆیە كە لە نەقتخانە دەردەچیت تا بەغدا، مەترسیی ئەوەت لەسەرە ئەو گرووپانە بێن بتڕفێنن و داوای پارەت لێ بكەن".
دەشڵێت: "بازگەكان زیاتر جەخت لەسەر ئەو كوردانە دەكەنەوە كە بەو ڕێگایانەوە هاتوچۆ دەكەن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون، بۆیە داوای باج لە هاوڵاتیان دەكەن و ئازاریان دەدەن".
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێستا بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەیان پارێزگاكانی كوردستانە، ڕێگایان پێ نادرێت بچنە بەغدا و هەڕەشەیان لێ دەكەن، بۆیە بوونی گرووپە توندڕۆكان بە هەر ناوێكەوە بێت، مایەی مەترسین بۆ سەر ناوچەكە".
كارزان هەورامی




