لە خورماتوو هێرشی چەكداری بۆ سەر شیعە مەزهەبەكانیش دەستی پێكرد

خورماتوو-KDP.info-نیوەرۆی ئەمرۆ لە خورماتوو لە لایەن ژمارەیەك چەكدارەوە هاووڵاتییەك كوژرا كە چەكداری هێزەكانی حەشدی شەعبییە؛ لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوویشدا ئەمە دووەمینجارە هێرش دەكرێتە سەر هاووڵاتیانی شیعە مەزهەب.
هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە لە شارۆچكەی خورماتوو رۆژانە لە لایەن چەكدارانی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لە هاووڵاتیانی بەرەگەز عەرەب و توركمانی سووننە مەزهەب دەكرێت بە تایبەتی ئەوانەی ئاوارەی ناوچەكە بوون، بەڵام لە ئێستادا هێرشی چەكداری بۆ سەر هاووڵاتی شیعە مەزهەبیش دەستی پێكردووە.
لە بارەی دوا زانیارییەكانەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو (محەممەد فایەق) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمرۆ لە گەڕەكی سەربازی و لە پشتەوەی سایلۆكە، ژمارەیەك چەكداری تیرۆریست دەستڕێژی گوللەیان لە هاووڵاتییەك بە ناوی (عەدنان هاشم حەسەن) كرد و دەستبەجێ كوژرا.
(محەممەد فایەق) گوتیشی، ئەو هاووڵاتییە بەرەگەز عەرەبی شیعەیەو لە ڕیزی چەكدارانی حەشدی شەعبی دەوام دەكات.
رونیشیكردەوە: چەكدارەكان هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەكراون.
تادێت بارودۆخی ئەمنی خورماتوو روو لە خراپتر دەكات و ئێستا رۆژانە كردەی تیرۆریستی تێیدا ئەنجامدەدرێت و لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێری رابردوویشدا، دوو هاووڵاتی كوژران کە یەکێکیان شیعە مەزهەب بووە و كەسێكی دیكەش برینداربووە و زیاتر لە پێنج دوكانیش تەقێندراونەتەوە و سوتێندراون.
كاروان جاف




