عەلی عەونی: دەبێت شەڕی براكوژی حەرام بكرێت

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی سەكردایەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكەدا هەڵگیرسا، بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی كورددا نییە؛ دەبێت شەڕی براكوژی حەرام بكرێت.
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكەدا ڕووی دا، بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، لە هەرچوار پارچەی كوردستان، پێویستە شەڕی براكوژی حەرام بكرێت، نابێت كورد بە دەستی كورد بكوژرێت."
گوتیشی: "وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێمان وایە پێویستە تا ئاخرین لەحزە لە ڕێگەی سیاسیی خەبات بكەین، نەك لە ڕێگەی چەكداری، ئەگەر لەگەڵ دوژمنیش بێت دەمانەوێت تا ئاخرین شت بە گفتوگۆ خەبات بكەین، جا ئەگەر لەگەڵ خۆمان بێت، نابێ بە هیچ شێوەیەك بیر لە چەك بكرێتەوە."
(عەلی عەونی) دەیشڵێت: "لە هەر پارچەیەك پێویستە تایبەتمەندی گەلی خۆمان لەبەرچاو بگرین و رێزی لێ بگرین، ئێمە وەك خەڵكی باشووری كوردستان زیاتر لە خەباتی خۆمان لەو پارچە دەزانین وەك لە لایەنەكانی دیكە، بە هەمان شێوە لە پارچەكانی دیكە، پێویستە هەموومان هاوكار بین بۆ سەركەوتنی دۆزی كورد، كاتێك گەلی كورد لە رۆژئاوا پێویستی بەهێز هەبوو بۆمان رەوانە كرد، كاتێك كە ئەركیان تەواوبوو گەڕانەوە و لە باشووری كوردستان ئەركی خۆیان دەبینن، پێویستە پەكەكە بەهەمان شێوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رێگری لە حزب و لایەنەكانی دیكە نەگرێت، چونكە ئەوە شوێنی ئەوانە كە لەوێ خەبات و تێكۆشان بكەن، بۆیە ئێستایش مەجالی ئەوە ماوە كە پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن و بگەنە ڕێكەوتن."
(عەلی عەونی) ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە پەكەكە كە لە جیاتی شەڕی ئێمە بكات، یان شەڕی ڕۆژهەڵات بكات، باشترین شت ئەوەیە كە مەیدانی خەباتی ئەوان باكووری كوردستانە، لە هەر پارچەیەك داوای هاوكاری بكەن بە پێی توانا پارچەكانی دیكە هاوكاری ئەوان دەكەن، بەتایبەتی لەو قۆناغەدا كە خەباتی مەدەنی دەستی پێ كردووە و بەرەو هەڵبژاردن دەچن دەبێت هەریەكە و لەلای خۆمان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری ئەوان بكەین، نابێت لە جیاتی ئەوەی چەكدارانی ئەوان بەرسینگی توركیا بگرن، بەرسینگی كورد بگرن، نابێت بەرسینگی حزبی دیموكرات بگرن، چونكە رۆژهەڵات شوێنی خەباتی ئەوانە و كار بۆ سەركەوتنی دۆزی كورد لەو پارچەیە دەكات، بۆیە ئەوە جێگەی قەبووڵ نیە، هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆبوون دەچێت و هەنگاوی باش دەنێت و بەرەو ڕیفراندۆم دەچین، ئەمڕۆ هەموومان دژی دوژمنێكی دڕندە تێدەكۆشین ئەویش داعشە، پێویستە پەكەكە بیر لەوە بكاتەوە بۆچی ئەندام و پێشمەرگەگانی حزبی دیموكرات بە دەستی ئەوان بكوژرێن، دەبێت هەموو ئەو كردەوەیە مەحكووم بكەن و هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكان ڕۆلی خێر بگێڕن و پەكەكە بگەیێنینە ئەو بڕوایە كە ڕێگری لە حزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات نەکەن."
ڕابین شێروانی




