حزبی دیموكرات، داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین هه‌وڵ بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه بده‌ن

هەولێر-KDP.info- ده‌فته‌ری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌و پێكدادانه‌ی له نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و چه‌كدارانی ئه‌وان دروست بووه، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن كه هه‌وڵ بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێستی ناكوردانه‌ی رێبه‌رایه‌تیی په‌كه‌كه بده‌ن.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: دوای چه‌ند رۆژ هه‌وڵ و چالاكیی چه‌ندین لایه‌نه بۆ دانیشتن و دیاڵوگ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵته‌زێن نه‌بین و گرفت و كێشه‌یه‌ك كه‌له نێواندا هه‌بوو به لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، په‌كه‌كه فه‌رمانی به هێزه‌كانی كرد كه هێرش بكه‌نه سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و به‌داخه‌وه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ هێزه‌كانی په‌كه‌كه ته‌قه‌یان له پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد و شه‌ڕی نه‌خوازراو له‌گه‌ڵ هێزێكی كوردیی به‌سه‌ردا سه‌پاندووین. به‌پێی هێندێك زانیاری، هێزه‌كانی سپای پاسدارنی كۆماری ئیسلامی له ناوچه‌كه مۆڵ دراون و ئه‌گه‌ری زۆری تێكه‌ڵ‌بوونی هێزه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌دا هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: ئێمه وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ئه‌وپه‌ڕی به‌داخبوونی خۆمان بۆ ئه‌و كرده‌وه دزێوه‌ی په‌كه‌كه راده‌گه‌یه‌نین كه ده‌چێته خانه‌ی خیانه‌ت به خه‌باتی كورده‌وه‌و ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نین نه ده‌سپێكه‌ری شه‌ڕ بووین و نه خوازیاری درێژه‌ی كێشانی ئه‌و ناخۆشی و شه‌ڕه‌ین و داواكارین كه هه‌م رێبه‌رایه‌تیی په‌كه‌كه په‌نا بباته به‌ر مه‌نتق و لۆژیكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ست له‌و رێگا هه‌ڵه‌یه گرتوویه‌تی به‌ر، هه‌ڵگرێ.




