٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتی 15هەزار پێشمەرگەی میحوەری گوێڕ ــ مەخمووری کرد

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info-دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە میحوەری گوێڕ ـ مەخمووردا 15هەزار پرێسکە خۆراكی بەسەر 15هەزار پێشمەرگەدا دابەش كرد.

ڕۆژی ٢٥/٥/٢٠١٥ لە درێژەی كاروچالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جاری سێیەم بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیمارات هاوكاریی گەیاندە هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی بەرگری لە خاكی كوردستان، لەو میانەشدا لە میحوەری گوێڕ ــ مەخموور بە ئامادەبوونی مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شێخ (سیروان بارزانی) فەرماندە و بەرپرسی میحوەری گوێڕ ـ مەخموور و شێخ ڕاشد بەرپرسی مانگی سووری ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان 15 هەزار پارسێلی خۆراكیان بەسەر 15 هەزار پێشمەرگەی میحوەرەكەدا دابەش كرد. دوابەدای دابەشكردنەش لە پرێس‌كۆنفرانسێكدا كە بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێكخرابوو، شێخ سیروان بارزانی فەرماندە و بەرپرسی میحوەری گوێڕ ـ مەخموور لە وتەیەكدا زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی 'بارزانی'ـی كرد كە بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، بەتایبەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە میحوەرەكاندا ژەمە خۆراكی گەرمی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانی شەڕ ئامادە كردووە و گەیاندوویەتیە هێزەكانی پێشەوەی بەرگری و ئومێدی سەركەوتن و كاری گەورەتر و بەردەوامی بۆ ستاف و بەڕێوەبەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواست، هەر لە پرێس‌كۆنفرانسەكەدا شێخ ڕاشد بەرپرسی ڕێكخراوی مانگی سووری ئیمارات لە هەرێمی كوردستان پوختەیەكی لە كاروچالاكیەكانی خستە ڕوو، ئاماژەی بە كاری هاوبەش كرد لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئەركەكان بەجێ دەگەیێنێت. هەر لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پوختەیەكی لە كارو چالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەران و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەكانی ڕابردوو و ئێستا خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "خۆمان بە بەختەوەر دەزانین كە بتوانین خزمەتێكی بچووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەین كە ئەوان بۆ پاراستنی خاك و كەرامەتی خەڵكی كوردستان سنگیان كردووەتە قەڵغانی بەرگری و ئێمەش بە ئەركی خۆمانی دەزانین بەردەوام خزمەتیان بكەین و پێداویستیان بۆ دابین بكەین."

هەواڵی پەیوەندیدار