فوئاد حوسێن: ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەشێ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمدا بڕیار بدات

کەرکووک -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، ڕەنگە لەم حەفتەیەدا یاخود حەفتەی دادێ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبێتە و تێیدا کۆمەڵێک بژاردە تاوتوێ بکات لەبارەی نەدانی مافە داراییەکانی کەرکووک لەلایەن بەغدا، بەڵام بە ڕای من پێویستە پێش ھەر بڕیارێک پرس بە ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک (فوئاد حوسێن)بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ھیچ بڕیارێک نەداوە لەبارەی نەدانی مافەداراییەکانی ئەوان لەلایەن بەغداوە، چونکە پێویستە پێش بڕیاردان ھەماھەنگیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت."
(فوئاد حوسێن) گوتیشی، ئێستا ئێمە کۆمەڵێک کێشەمان ھەیە و پێویستە چارە بکرێت، چونکە ناکرێت ئێمە لەسەر دەریایەکی نەوت بین و مافەداراییەکانت بۆ نەنێردرێت لەکاتێکدا بووەتە یاسا، بۆ نموونە پێویستە پترۆدۆلار کە پێنج دۆلار دیاری کرابوو و بووەتە یاسا رەوانە بکرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی بووەتە یەک دۆلار پێویستە بدرێت کە ئێستا ئەوەش نادرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وتیشی، بەغدا پارە بۆ ئەو شوێنانە ڕەوانە دەکات کە لەژێر دەستی داعش دایە بۆ کەرکووک ڕەوانە ناکات.
(فوئاد حوسێن) ڕوونیشی کردەوە، خەڵکی کەرکووک بێھێزیەکی پێوە دیارە وکۆمەڵێک داخوازی ھەیە و ئێمەش لەگەڵ داخوازی خەڵکداین، بۆیە کۆمەڵێک بژاردە ھەیە ئەکرێت لەم حەفتەیە یاخود حەفتەی دادێ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک قسەی لێ بکەین، چونکە ئەوەی تاوەکو ئێستا دەوترێت تەنها بیرۆکەیە."
(حوسێن) ڕاشیگەیاند: "پێویستە پێش ئەوەی بڕیار لەبارەی ڕاگرتنی نەوت یاخود فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ بدرێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بڕیارەکە بدرێت و ڕای ئەوان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیە نەوت ھەناردە بکەین، بەڵام ئەمە تەنها بیرۆکەیە و نەبووەتە بڕیار.
ئەوەشی خستە ڕوو، دەکرێت ئێمە سکاڵا لە دادگای فیدراڵیدا تۆمار بکەین کە چیتر ئەو زوڵمە قبوڵناکرێت.
بڵند ئیبراھیم




