عێراق سەركەوتوو نهبووه لە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكان.. هەرێم هەمیشە دەرگای واڵا بووە

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم بەردەوام پێشوازی لە ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان كردووە و هەوڵیداوە پێداویستییەكانیان دابین بكات وەك ئاساییش و شوێنی حەواندنەوە و خۆراك و ئاوی پاك و خوێندن و پێداویستیی دیكە.
(د.دیندار زێباری) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەى حكوومەتی هەرێمى كوردستنان بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان به ماڵپهرى فهرمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانى راگەیاند: "ئێمە وهكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە دەرگامان واڵا بووە بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و ئەو كەسانەی هانایان بۆ كوردستان هێناوە بێ گوێدان به ئینتیمای نەتەوەیی یان مەزهەبی، بەر لە رووداوەكانی ئەم دواییەى ئەنباریش چەند جارێك خەڵكی ئەم شارە و شارەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێمە لە پێشوازییان دابووین، بێگومان ئەگەر لە ئەنجامی رووداوهكانی ئەم دواییەش روو لە كوردستان بكەن، بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئەركی مرۆڤایەتی خۆی ئهنجامدهدات، بەڵام ئەو ئالییەتە و رێوشوێنی تایبەتى پێویستە، دهبێ حكوومەتی عێراق لێی بەرپرسیار بێت لەرووی دارایی و پاراستنیان.
دەربارەی رۆڵ و ئەركی حكوومەتی بەغدا (زێباری) جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەركی خۆی جێبهجێ بكات لە یارمەتیدانی هەرێم بۆ رووبەروو بوونەوەی كێشەی ئاوارەكان و گوتیشی: "هەرچەندە ئێستا زیاتر لە 1,5 ملیۆن ئاوارە لە كوردستان نیشتەجێن لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانى داعش، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حكوومەتی بەغدا وەكو پێویست ئەركی خۆی جێبهجێ نهكردووه بۆ هاوكاری كردنی حكوومەتی هەرێم لە چارهسهركردنى كێشەی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە بیریشمان نەچێت ئەمانە هاووڵاتی عێراقین. بۆیە هیوادارین حكوومەتی بەغدا ئەركەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات، چونكە قەیرانی ئابووری بارگرانییەكی زۆرى بۆ حكوومەتی هەرێم درووستكردووە.
(د. دیندار زێبارى) دهڵێت، پێویستە ئاماژە بكرێت بە كەم بوونەوەی ئاستی یارمەتی و كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكان، چونكە لەم بارەیەوە عێراق بە ئەولەویەت دانەنراوە، هەروەها لە رووی دیبلۆماسیشەوە عێراق نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی پێویست بۆ كێشەی ئاوارەكان لە ماوەی رابردوودا.
شایەنی باسە لە دوو هەفتەی رابردودا لە شاری رهمادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار زیاتر لە (100) هەزار كەس ئاوارە بوون و لە (15) پارێزگاكەی دیکەى عێراقیش، جگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان (133) هەزار هاووڵاتی دیکە ئاوارە بون. و تەنیا دەروازەی شاری بەغدا زیاتر لە 115 هەزار كەس چاوەڕێی چوونە ناوەوەی بەغدان و لەدۆخێكی ناهەمواردا دەژین.




