٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی: داوادەکەین په‌كه‌كه‌ و دیموكرات دەستیان نەچێتە خوێنی یەكتر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كورستان، داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستان-ئێران دەكات، ددان بە خۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەك دەستیان نەچێتە خوێنی یەكتر، چونكە لە پەرلەمانەوە كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەموو لایەكمان بڕیاری تەحریمكردنی شەڕی براكوژیمان داوە و بە هیچ پاساو و بیانوویەك، نابێ خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێتەوە.

ئه‌مه‌یش ده‌قى یاداشته‌كه‌یه‌:

بۆ/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
سڵاو و ڕێز

بە پێی بڕگەی (2) لە ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)،  پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە سەر شان لە یەكلاییكردنەوەی كێشە چارەنووسسازەكان و یەكێتیی گەل و خاكی كوردستان.
بۆیە لە ڕوانگەی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەوە داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستان - ئێران دەكەین، ددان بە خۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەك دەستیان نەچێتە خوێنی یەكتر، چونكە هەر لەم پەرلەمانەوە كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەموو لایەكمان بڕیاری تەحریم كردنی شەڕی برا كوژیمان داوە و نابێت جارێكی تر لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێتەوە.
بۆیە داوا دەكەین لە رێی گفتوگۆوە كێشەكان چارە بكرێن.
بۆ چارەی كێشەكانیش، داواكارین پەرلەمانی كوردستان شاندێك لە سەرجەم فراكسیۆنەكان بۆ لای هەردوو لا بنێرێت و تەواوی ڕووداوەكە و هۆكار و ئەنجامدەرانیشی بۆ ڕای گشتی كوردستان ئاشكرا بكرێن.
لە كۆتاییدا هیوادارین یەكڕیزی و تەبایی گەلی كوردستان، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت.

بژی كورد، بژی كوردستان
بژی یەكێتیی ڕیزەكانی گەلی كوردستان.

فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كورستان

24/5/2015

هەواڵی پەیوەندیدار