٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەممەد: داعش دوژمنی ئیسلامن و ئەوپەڕی دڕندە و دڵڕەقن.. باكیان بە كوشتن و تاڵان و دەستدرێژی نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەحموود محەممەد)، لە گفتوگۆیەكیدا بۆ رۆژنامەی "ئێران" رایگەیاند، ئەندامانی داعش لە دڕندەترین توندڕۆكانن كە بۆ گەییشتن بە ئامانجی خۆیان، هیچ باكیان بە كوشتن و تاڵان و دەستدرێژی نییە. ڕوونیشی كردەوە كە، هیچكام لەو كارانەی داعش ئەنجامیان دەدات، پەیوەندییان بە ئیسلام و ئایینەوە نییە و ئەمانە دوژمنی ئیسلامن و تەنیا ڕووخساری ئیسلام دەشێوێنن. فیلمەكان و ئەو رووداوانەی پێشانیان دەدەن، ئەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقیی ئەوانە كە تەنانەت لە سەردەمی مرۆڤە سەرەتاییەكانیشدا كە هیچ یاسایەك لە ئارادا نەبوو، بەم شێوەیە نەبووە.


ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەحموود محەممەد)، پێوەست بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش گوتی: "داعش رێكخراوێكە كە لەسەر بنەمای بیركردنەوەی گرووپە تۆندڕۆ ئیسلامییەكان دامەزراوە، ئەندامانی داعش لە دڕندەترین توندڕۆكانن كە بۆ گەییشتن بە ئامانجی خۆیان، هیچ باكیان بە كوشتن و تاڵان و دەستدرێژی نییە. لە بانگەشەدا زیاتر كەڵك لە شێوازە دیجیتاڵییەكان (تۆڕەكانی ئێنتەرنێت) وەردەگرن. داعشەكان لە كارەكانیاندا بە دوو شێوە دەجووڵێنەوە، سەرەتا بە ناوی ئیسلام و بەرگریكردن لە ئیسلام دەچنە مەیدان و دووەم ئەوەیە كە لە بانگەشەكەیاندا بە ترساندن و وەحشیگەری، ترس بەسەر خەڵكدا دەسەپێنن تا خەڵك وابزانن ئەگەر لە بەرانبەر دەخوازییەكانی ئەواندا خۆ ڕابگرن، سەریان دەپەڕێندرێت، گوللـەباران دەكرێن، دەستیان دەپەڕێندرێت، لەسەر باڵاخانە بەرزەكانەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە یان بە شێوازی دڵتەزێن و دڵڕەقانە سزا دەدرێن".

بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا: "هیچكام لەو كارانەی داعش ئەنجامیان دەدات، پەیوەندییان بە ئیسلام و ئایینەوە نییە و ئەمانە دوژمنی ئیسلامن و تەنیا ڕووخساری ئیسلام دەشێوێنن. فیلمەكان و ئەو رووداوانەی پێشانیان دەدەن، ئەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقیی ئەوانە كە تەنانەت لە سەردەمی مرۆڤە سەرەتاییەكانیشدا كە هیچ یاسایەك لە ئارادا نەبووە، بە ئەم شێوەیە نەبووە. وێڕای ئەمە، لە رێگەی كەسایەتییە ئایینییەكانەوە هەوڵ دەدەین ڕووخساری راستەقینەی داعش بە خەڵك بناسێنین و بە رێكخستنی كۆبوونەوە و سیمینار و هەروەها گوتار و نووسراوەكانەوە راستییەكان ئاشكرا بكەین.
كردەوەكانی داعش بیدعەتێكە لە خۆیانەوە دروستیان كردووە و پەیوەندیی بە سەردەمی عەرەبە جاهیلەكانەوە هەیە، لە كوێدا تەقاندنەوەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان لە لایەن ئیسلامەوە بە ڕەوا ناسراوە؟ ئەمانە رێز لە هیچ كەسێك ناگرن، نە شیعە، نە سوننە، نە مەسیحی، نە ئێزدی... بڕوا بكەن تێكدانی مزگەوتێك ئەگەر بۆ نۆژەنكردنەوەیش بێت، كارێكی ئاسان نییە، چونكە دەبێ رێز لە بیر و باوەڕی خەڵك بگیرێت".
سەبارەت بە هاوئاهەنگییش لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ وەستانەوە دژی داعش، (مەحموود محەممەد) گوتی: "بەداخەوە لەم بوارەدا هیچ هاوئاهەنگییەك نییە. بە تایبەت بەر لە هاتنەسەركاری حكوومەتی تازەی عێراق، سیاسەتمەدارانی ئەوكات هەوڵیان دەدا هەرێمی كوردستان وەك شەریك و هاوبەشی داعش پێشان بدەن و بەداخەوە ئێستا ئەم شێوازە بیركردنەوەیە لای هێندێك كەس ماوەتەوە كە دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرەی فكریشدا بچینە شەڕی داعش نەك تەنیا لە بەرەكانی جەنگدا".
ڕوونیشی كردەوە: "داعش بە ژنان دەڵێن ئەگەر بڕۆنە نێو ئەوانەوە، خوا لێیان رازی دەبێت و دەیاننێرێتە بەهەشت. بەم جۆرە ژن كە بە سۆز و خۆشەویستی و ئەوینەوە ئافرێنراوە، دوای ماوەیەك مانەوەی لای داعش، دەبێتە بوونەوەرێكی دیكە. هێندێكیان بە پشتێنی تەقینەوەوە خۆیان دەتەقێننەوە. هەڵبەت لە هێندێك شوێندا وا هەڵكەوتووە هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە ئەگەر ئەم كارە نەكەن مێرد یان منداڵەكان یان ئەندامانی خێزانەكەیان دەكوژن. داعش تا ئەوان ناچار بە كردەوەی خۆكوژی بكات، كەڵك لە هەر چەشنە شێوازێكی ناشەرعی و كەرستەئاسا وەردەگرێت كە لەگەڵ عەقڵی مرۆڤیشدا ناگونجێت".
لەبارەی گرووپی نەقشبەندییشەوە، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەم گرووپە لە بنەڕەتدا هەمان ئەو بەعسیانەن كە لە حكوومەتی نوێی عێراق بێزارن و هەڵبەت لە بواری بیر و باوەڕەوە زۆر لەگەڵ داعشدا یەك ناگرنەوە و زۆر جار پێكەوە تێك هەڵدەچن. باسكردنی ئەم خاڵەش پێویستە كە ئەم نەقشبەندیانە هیچ پەیوەندییەكیان بە تەریقەتی نەقشبەندییەوە نییە كە لە ئێران، عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا هەن و ئەمانە تەنیا پاشماوەی حزبی بەعسن كە لەلایەن (عێززەت دووری)ـیەوە پشتگیری و رێبەری دەكرێن".

لەبارەی ئەو كوردانەشەوە كە چوونەتە ناو داعش، (مەحموود محەممەد) هێمای بۆ ئەوە كرد: "ئەمە خاڵێكی زۆر گرینگە، بە تایبەت كە زۆربەی خەڵكی ئێمە موسوڵمانن و بەشێكیشیان ئەم هەستەیان تێدا هەیە بكەونە ژێر كاریگەریی بانگەشەی فریودەرانەی ئایینیی داعشەوە، ئەمە ئەركی كەسایەتییە ئایینییەكان، مامۆستایانی زانكۆ، زاناكان و ئاژانسەكانی هەواڵ و...ـە كە هەموو دەست بخەنە ناو دەستی یەكتر و دەست بكەن بە روونكردنەوە. ئێمە نابێ تەنیا بە لوولەی چەك بچینە جەنگی داعش، بەڵكوو پێویستە بەرەی جەنگی فكریش بەهێز بكەین. دین لە روانگەی داعشەوە بریتییە لە كوشتن و تاڵانكردنی خەڵك و سەپاندنی بیرۆكەی ئەوان، لە كاتێدا دین بەرنامەی باشتر ژیان و ژیانی ئاشتییانە لە تەنیشت یەكترە. ئەگەر دین كەرەستەیەك بێت بۆ پاساوی ئابووری و سیاسی و شتی دیكە، دەبێت بە كەرستەیەك بۆ كوشت و بڕی خەڵك و لە مانای راستەقینەی خۆی دوور دەكەوێتەوە".

وەرگێڕان: عەلی ئازادی
 

هەواڵی پەیوەندیدار