حیزبی دیموكرات: ویستمان كێشەكان چارە بكەین، پەكەكە بە شەڕ وەڵامی داینەوە

هەولێر-kdp.info- گوتەبێژی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەریمان كرد بۆ ئەوەی رێگایەك بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە بدۆزینەوە كە لە بەرژەوەندیی هەردوو لاماندا بێت، بەڵام بە داخەوە پەكەكە بە شەڕ وەڵامی داینەوە".
گوتەبێژی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حەسەن شەریفی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە هەموو هەوڵێكمان دا بۆ دانیشتن لەگەڵ پەكەكە بۆ دیتنەوەی رێگاچارەیەك كە لە بەرژەوەندی هەردوو لادا بێت و نەبێتە ڕووداوێك دوژمانانی كورد بەو پرسە دڵخۆش بن، بەڵام بەداخەوە نەك وەڵامی ئێمەیان نەدایەوە، بەڵكە ئەمڕۆ هێرشیان كردینە سەر و ئەمەیش جێگەی داخە و هەڵوێستێكی نابەرپرسیارانەیە".
(شەریفی) گوتیشی، هەر هێزێك هێرش بكاتە سەر هێزێكێ دیكە، ئاساییە بەرگری لە خۆی بكات و شەڕی بەرامبەری خۆی بكات، تا ئێستایش زەرەر و زیانەكان دیار نین، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە شەهید و بریندار هەیە.
گوتەبێژی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە هیچ كەس و لایەنێك تۆمەتبار ناكەین، بەڵام هەندێك شت هەیە نیشانەكانی دیارن، ئەویش ئەوەیە كە لەگەڵ ئەو شەڕەدا ئێرانیش هێزێكی زۆری لە ناوچەكەدا كۆ كردووەتەوە، وەلێ نازانین تا چەند هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دژی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەیە".
بڵند ئیبراهیم




