بەغدا پارەی گەنمی جووتیاران نەدات، كەرتی كشتوكاڵی پاشەكشە دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، جووتیاران چینێكی هەژارن و كارەكانیان زیاتر بە قەرز ڕایی دەكەن، لە گشـت عێراقیشدا تا ئێستا پارەی گەنم و جۆیان پێ نەدراوە، بۆیە پێویستە حكوومەت بۆ داهاتی خۆی و هاندانی جووتیاران، زوو پارەكەیان پێ بدات و یارمەتیدەریان بێت.
ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە عێراق بانگەشەی ئەوە كرا كە نابێت بە تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت، ئەمەیش دوای ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا رۆژانە لە دابەزیندایە، بۆیە پێویستە حكوومەت پلانی بۆ كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و كەرتەكانی دیكە هەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "لە بوودجەی حاكیمەی عێراقدا پارەی گەنمی جووتیاران هەیە، بەڵام تا ئێستا پارەكەیان پێ نەدراوە تەنیا ئەوانەی تا 1/7ـی پارساڵ نەبێت كە وەرگیراوە، لە دوای ئەمە كەس وەری نەگرتووە، ئەمەیش هۆكارێك بوو كە ئەمساڵ جووتیاران زۆربەیان نەیانتوانی كاری جووتیاری خۆیان بكەن، لەبەر ئەوەی بۆ كارەكانی پارساڵ قەرزدار بوون، بۆیە ئەگەر حكوومەت ساڵ لە دوای ساڵ پارەی گەنمی جووتیاران نەدات، ئەوا كەرتی كشتوكاڵی پاشەكشە دەكات".
(جاف) زیاتر گوتی" :گرینگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی و یارمەتیدانی چینی جووتیاران لەلایەن حكوومەتەوە، وا دەكات داهاتێك بۆ سندوقی خۆی زیاد بكات و بەرهەمی ناوخۆییش دابین بكات، پێدانی پارەكەیش بە جووتیاران مافی خۆیانە، چونكە جووتیارانیش چینێكی هەژارن و گلەیی ئەوە دەكەن كە قەرزدارن".
نەشوان بەرزنجی




