نووسەرێکی ئەمەریکا ستاییشی بوێری هەرێمی کوردستان دەکات

پەرلەمان-KDP.info-(ستیڤان مانسفێلد) نووسەری دیاری ئەمەریکا لە میانی سەردانی بۆ لای جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ستاییشی هەنگاوە بوێرانەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە ڕووی بەرگریکردن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و حەوانەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤/٥/٢٠١٥ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە نووسەری ئەمەریکی ستیڤان مانسفێلد کرد کە بەیاوەری (یوسف مەتی) بەرێوەبەری قوتابخانەکانی میدیا لەهەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کردبوو.
لەدیدارێکدا (ستیڤان مانسفێلد) ستایشی هەنگاوە بوێرەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لەرووی بەرگریکردن و ڕاونانی تیرۆریستان و حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان و دابینکردنی نەوایەکی ئارام لەنێو ئەو ڕەوشە پەشۆکاوەی عیراق و ناوچەکە کە خۆی لە خۆیدا پێگە و ڕێزی گەلی کوردستانی لەنێو دڵی ئەمریکاییەکان و جیهانیش پتەو کردووە.
لەلایەن خۆشیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنان سوپاسگوازی خۆی لە بەرامبەر هەڵوێست و نووسینەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییە بەرامبەر گەلی کوردستان نیشان دا و، ئەوەی دووپات کردەوە گەلی کوردستان خوازیاری دیموکراسی و وەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە و کارامەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان و سەرەرای قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش، بەڵام هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ بەرگری لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی تاک بۆ ئەوەی هەموومان هەمان ئەرک و مافمان هەبێ و، کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانیی هەموو خەڵک بکەین.
هەر لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پێشهاتەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.




