سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆ بوونەوە

ئوردن-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ڕۆژی شەممە 23ـی 5ـی 2015 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئوردن لەگەڵ سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی پڕۆفیسۆر (كڵاوس شووەب) كۆ بووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ بەشداربوونی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی شانشینی ئوردن و هەروەها بە ستاییشەوە باسی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و، ئاماژەیشی بە گرینگیی بەردەوامبوونی (سەرۆك بارزانی) و هەرێمی كوردستان دا لە گێڕانی ڕۆڵیان بۆ چارەكردنی قەیران و كێشەكانی ناوچەكە.
لە بەشێكی ئەو دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەروەها كێشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەڵێنی ئەوەی دا كە لە ڕێگەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی، یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات.




