٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە ٥٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رەوانە کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی ھەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی نیسانی بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی لە ھەناردەکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٥ ی عێراقی فیدراڵ جێبەجێکردووەو بڕی نەوتی ھەناردەکراو لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، کە پێشتر ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردبوو، ئێستا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال لەسەر بابەتەکانی ھەناردەکردنی نەوت و بودجەی فیدرالی رێککەوتن. بەپێی ئەو رێککەوتنە ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ھەناردەکردنی رۆژانە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و حکوومەتی فیدرالیش پابەنددەبێت بە دابینکردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان کە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە. رێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥ عێراقی فیدرالی جێگیرکرا.

ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان ١٦.٨٦٨.٩٨٥ بەرمیلی رادەستی رێکخراوی دەوڵەت بۆ بەبازارکردنی نەوت، ناسراو بە سۆمۆ، کردووە، واتە تێکڕای ٥٦٢ ھەزار بەرمیل رۆژانە. لەم بڕەیە، کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان بە ١٢,٤٥٧,٣٧١ بەرمیل، واتە بە تێکڕای ٤١٥,٢٤٦ بەرمیل رۆژانە، بەشداریان کردووە، لە کاتێکدا کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کەرکووک، بە ٤,٤٢١,٦١٤ بەرمیل، واتە بە تێکڕای ١٤٧,٣٨٧ بەرمیل رۆژانە، بەشداربوون.

ھەردوو نەوتی بەرھەمھاتوو لە کێڵگەکانی کەرکووک و ھەرێمی کوردستان لەرێی بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرێت.

لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی ھەناردەکردنی نەوتی خاوی تا ئەو رێکەوتە بڵاوکردەوە کە تیایدا جەخت کرابووە سەر ئەوەی کە پابەندبووە بە ھەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە رێککەوتن لەسەری کراوە لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی، لە کاتێکدا تەنیا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خۆی بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٥ عێراق وەرگرتووە.

ھەفتەی رابردوو، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی سازکرد لەگەڵ نوێنەرانی ھەرێم لە بەغدا و دوابەدوای ئەو لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وسەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبۆوە، بەمەبەستی باسکردنی دوایین پێشھاتەکانی بابەتەکانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان ھەرێم و بەغدا.

سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی ھەرێم بابەنددەبێت بە ڕێککەوتنەکە وبە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥. بەڵام ئەگەر له‌ دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی نەگەیشتە ئەنجام و بەغدا ھەر سوور بوو لەسەر پێشێلکردنی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی نەنارد، ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگەچارەی دیکە دەگرێتە بەر بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ھەرێم.
 

هەواڵی پەیوەندیدار