سوپاسالاری پێشمەرگە: بە مەشقە سەربازییەكان پێشمەرگە بەهێزتر بووە

هەولێر-KDP.info-سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مەشقە سەربازییەكان پێشمەرگەیان زیاتر بەهێز و چاوكراوەتر كردووە. جەختیشی كردەوە كە، لە دوو رۆژی رابردوودا لە میحوەری كەسكێ، داعش گورزێكی گەورەی بەركەوتووە.
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (جەمال محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "مەشقپێكردنی هاوپەیمانان بە هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و، تا ئێستایش چەندین خولی دەرچوون تەواو بوون كە هێز و چاوكراوەیی زیاتری بەخشیوەتە پێشمەرگە، چونكە سەرجەم ئەو مەشقانەی پێیان كراوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوون و وەك هێزێكی تۆكمە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێك بە تایبەتی ئێمە شەڕێكی گەورەمان لە بەردەمدایە، ئەویش بابەتی ئازادكردنەوەی مووسڵە و پێشمەرگەیش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ سنووری لەگەڵ داعشدا هەیە، ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی كە ئامادەكاری بكرێت پێشمەرگە زۆر بەهێزتر و چاوكراوەتر بێت".
فەریق (جەمال) گوتیشی: "بەشێكی زۆری تەفروتووناكردنی بارەگاكانی داعش لەلایەن فڕۆكەی هاوپەیمانانەوە، پەیوەندی بەو بەهێزییە زەمینییەی هێزی پێشمەرگەوە هەیە كە لە ڕێگای نەخشەیەكی سەربازییەوە توانراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكەی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی تیرۆریستان وێران بكرێن، بە تایبەتی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە میحوەری كەسكێ، گەورەترین گورز لە داعش دراوە، پێشبینییش دەكرێت 70%ـی مۆڵگەكانیان لەلایەن فڕۆكەی هاوپەیمانەوە كرابنە ئامانج و داعش كوژراوی زۆریشیان هەیە".
كارزان هەورامی




