بەغدا دەرگای بەسەر ئاوارەكانی ڕەمادیدا داخست

بەغدا-KDP.info- پارێزگاری بەغدا، دەرگای بەسەر هەزاران ئاوارەی ڕەمادیدا داخستووە و ناهێڵێ بچنە نێو شارەكەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (موحسین سەعدوون) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، هەزاران ئاوارەی شاری ڕەمادی لە چوونەناوەوەی شاری بەغدا گیریان خورادووە؛ حكوومەتی پێشووی عێراق كاتی خۆی بازنەیەكی لە چواردەوری بەغدا دروست كردبوو، ئێستایش شیعەكان ئەو بازنەیەیان تێك داوە و ترسیان هەیە ئەگەر خەڵكی سوننە بێتە بەغدا، لە ڕووی دیمۆگرافییەوە شیعە زیانمەند بن، بۆیە شیعەكان نایانەوێت خەڵكی ئاوارەی ڕەمادی بچنە شارەكەوە".
وەك (موحسین سەعدوون) دیاری كرد: "ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و حكوومەتی عێراق دەڵێت لەناو ئارەكاندا داعش هەیە و مەترسی لەسەر بەغدا دروست دەبێت، بەڵام ئەوە بیانووە، چونكە ئەوان دەترسێن ژمارەی سوننە لە بەغدا زیاد ببێت".
گوتیشی: "دەبێت هەموو جیهان بزانێت داعش كە هێرشی كردە سەر كوردستان، بە سەدان هەزار ئاوارە لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە هاتنە هەرێم، كەچی كەس هیچی پێی نەگوتن و باشترین خزمەتیان دەكرێت، بەڵام ئەوە هەڵوێستی بەغدایە بەرانبەر بە ئاوارەكان".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیشی خستە ڕوو، سەدان هەزار ئاوارەی عێراق لە كوردستانن، كەچی بەغدا بێباكانە هاوكاریی ئەو ئاوارانە ناكات و خۆی لە یارمەتیدانیان دەدزێتەوە.
كارزان هەورامی




