نوێترین زانیاری لەبارەی كێشەكەی نێوان پەكەكە و حیزبی دیموكرات
__2015_05_23_h14m23s4__RM.jpg)
رۆژهەڵاتی كوردستان -KDP.info-بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پێوەست بە گەمارۆدانی هێزەكەیان لەلایەن چەكدارانی پارتیی كرێكارانی كوردستان PKKـوە رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەریمان نەكردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین". دەشڵێت: "ناچینە ژێر گوشاری هیچ لایەنێك بۆ راگرتنی چالاكییەكانی خۆمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (محەممەد ساڵح)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەوڵەكان لەلایەن ئێمەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیەی كە ڕووی داوە، چارە بكرێت و دۆخەكە ئارام بێتەوە، لەئێستایشدا چاوەڕێی لایەنی بەرانبەر دەكەین تا ئەو كێشەیە چارە بكرێت".
(ساڵح) گوتیشی: "هەوڵ دەدەین ئەو كێشەیە بە لێكتێگەییشتن و هاوبەشی چارە بكەین، نەك بە شێوەیەكی توندوتیژی و ئێمە لەگەڵ شەڕی براكوژیدا نین".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راشیگەیاند: "لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوان دەكەین بزانین رایان لەسەری چییە و هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ یەكڕیزیی گەلی كورد و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پشێوی و گرژیدا نین، بەڵام ناشچینە ژێر گوشاری هیچ لایەنێك بۆ راگرتنی چالاكییەكانی خۆمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان".
چەكدارانی پارتیی كرێكارانی كوردستان PKK لە رۆژی پێنجشەممەوە لەسەر سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كێلەشین، گەمارۆی هێزێكی (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)ـیان داوە.
بڵند ئیبراهیم




