٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری ژمارەیەك لە كڵێساكانی ئەمەریكا لە هەولێرن.. بۆ كۆمەكی ئاوارەكان هاتوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-نوێنەری ژمارەیەك لە كڵێساكانی ئەمەریكا لە میانی سەردانیاندا بۆ لای جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە هاوكاری و كۆمەكی زۆری ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كردووە و، هەروەها راشیانگەیاند كە هاتوون بۆ ئەوەی بزانن لە داهاتوودا چی بۆ ئەو ئاوارانە بكرێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ئەمڕۆ پێنچشەممە ٢١/٥/٢٠١٥، پێشوازیی لە (قەشە بنیدیكت كیلی) و شاندێكی یاوەری كرد كە بە نوێنەرایەتیی ژمارەیەك لە كڵێساكانی ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.
لە دیدارێكدا (قەشە بنیدیكت) بە ناوی شاندەكەوە سوپاسگوزاریی خۆیانی ئاڕاستەی پەرلەمان و حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستان كرد كە لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی بەسەر مەسیحییەكانی عێراقدا هات، باوەشیان بۆ ئاوارەكان كردەوە و هاوكاری و یارمەتییان دان و ئەوانیش تائێستا لەلایەن خۆیانەوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار هاوكاری و پێداویستییان بەسەر ئاوارەكان دابەش كردووە و، هاتوون بزانن بۆ داهاتوو چی بكرێ تاوەكو ئەو ئاوارانە لە بارودۆخێكی باشتردا ژیان بەسەر ببەن و لە ئاییندەیان دڵنیا بن.
لە لایەن خۆیەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و حەوانەوەی ئاوارەكانی بە ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی حكوومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دانا و، هاوكات سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە رووی سەربازی و مرۆییەوە بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هاتن و لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا هاوكار بوون بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بتوانێ بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە داعش لەناو ببات و زۆربەی ناوچەكان ئازاد بكات.
(ئێمینكی) هاوكات بە پێویستی زانی كار بكرێ بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی وەرزی هاوینە بۆ ئاوارەكان فەراهەم بكرێ بە تایبەتیش كە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان هاوكاریی هەمەلایەنەی پێویستە و، دووپاتی كردەوە كە بە هاوكاری و پشتیوانیی هەموو لایەك، دەتوانین بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بین و دڵنەوایی بۆ هەمووان بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە سەربەرزی لەسەر خاك و ماڵی خۆیان بژین.

هەواڵی پەیوەندیدار