ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعش دوو بژاردەی لەبەردەمدایە

ئەمەریكا-KDP.info-رۆژنامەیەکی جیهانی بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش نووسیویەتی کە ئەمەریکا دوو بژاردەی لەبەردەمە و بژاردەکانیشی شی کردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بلومبێرگڤیو" لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و چالاكیی هێزی پێشمەرگەدا بۆ شەڕی داعش، حكوومەتی عێراق هێزێكی فەرمیی بەهێزی نییە، هەر بۆیە پێویستیی ملیشیا شیعەكان لێرەدا دێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی ڕێگەیش لەوە بگیرێت، دەبێت ئەمەریكا هەوڵ بدات خۆی ئەو بۆشیاییە پڕ بكاتەوە.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كەوتنی ڕەمادی تەنیا لەبەر ئەوە گرینگیی نییە كە شوێنێكی ستراتیژییە، مەڵبەندی سوننەكانە و لە بەغدای پایتەختیشەوە نزیكە، بەڵكە ئەو شكستە جارێكی دیكە لاوازی و سەرنەكەوتوویی هێزە فەرمییەكانی ئاساییشی عێراقی نیشان داینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە (عەبادی) هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە پەنا بۆ میلیشیا شیعەكان ببات، حكوومەتی عێراق ئەگەرچی بە ناو حكوومەتێكی هاوبەشە، بەڵام لە ڕاپۆرتەكەدا بە حكوومەتی شیعی ناوی هاتووە.
ئاماژەیشی داوە كە، ئازار و مەینەتییەكان بۆ خەڵكی سوننەنشینی ئەنباریش بە هەمان شێوەیە، ئەوانیش دەبێت یان لە ژێر هەڕەشەكانی داعشدا بمێننەوە كە زۆر بۆیان ناخۆشە، یاخود دەبێت لە ژێر حوكمی میلشیا شیعەكاندا بژین كە ئەوەیش بۆ ئەوان زۆر ناخۆشترە.
ڕاپۆرتەكەی "بلومبێرگ" پێی وایە، لە ئێستادا تەنیا ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، تێكشكاندنی داعشە و، وا باشترە ئەمەریكا چالاكانەتر هەوڵ بدات داعش لە عێراق تێكبشكێنێت. ئەگەر بڕیاریش بێت میلیشیا شیعەكان و هاوكاریی سەربازی ئێرانیش بۆ شەڕی ڕەمادی بەشدارییان پێ بكرێت، ئەمەریكا دەبێت خۆی یەكلا بكاتەوە یان ئەوەتا هاوكاریی سەربازی هەر هێزێك بكات كە شەڕی داعش دەكات، یاخود پلانەكەی تكریت دووبارە بكاتەوە لە بەرانبەر هاوكاریكردنی ئاسمانیدا، بەوەی كە میلیشیا شیعەكان لاببرێن و هێزی ئاساییشی نیشتمانی عێراقی شوێنیان بگرنەوە.
و/ خالید ئەحمەد




