ئەمەریكا هەزار مووشەكی دژەتانك بۆ شەڕی ڕەمادی ڕەوانەی عێراق دەكات

بیبیسی-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی وێڵد" بە هۆی كەوتنی ڕەمادی، ئەمەریكا هەوڵەكانی بۆ هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكان چڕتر دەكاتەوە و، لەو چوارچێوەیەیشدا هەزار مووشەكی دژەتانك بۆ شەڕی ڕەمادی ڕەوانەی عێراق دەكات.
بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكایی (كۆڵۆنێڵ پات ڕایدەر) بۆ بیبیسی ئاشكرای كردووە كە، ئەو مووشەكانە یارمەتیدەر دەبن لە هەڕەشەكانی ئەو هێرشانەی كە داعش دەیەوێت بە ئۆتۆمبێلی گەورەی بۆمبڕێژكراو لە ڕۆژئاوای بەغدا ئەنجامیان بدات.
(ڕایدەر) هەروەها ئاماژەیشی داوە، هێزە عێراقییەكان سەرقاڵی خۆكۆكردنەوەن و لە وادەیەكی نزیكیشدا ڕەمادی دەگرنەوە.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ژمارەی ئەو هێزە عێراقیانەی كە بڕیارە بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی ڕەمادیدا بكەن، نزیكەی (٣٠) هەزار چەكدار دەبن و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەجوڵێنرێن.
پەیامنێری بیبیسی لە واشنتن (گاری دۆنۆیو) گوتی، ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە كە تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە یارمەتیی ئەو هێزانە دەدات كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی عێراقیدان، ئەوەیش لەبەر كۆنتڕۆڵكردن و سەرپەرشتیكردنی هەندێك لە هێزە عێراقییەكان لەلایەن ئێرانەوە.
شیاوی گوتنە، سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، دوێنێ چوارشەممە بە یاوەریی كۆمەڵێك وەزیر و ڕاوێژكار بەرەو مۆسكۆ بەڕێ كەوت، بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمێر پوتین)ـدا كۆ ببێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەكانیش گەشتەكەی (عەبادی) بۆ مۆسكۆ زیاتر بۆ وەرگرتنی هەماهەنگی و هاوكاریی سەربازییە لە ڕووسیا.
و/ خالید ئەحمەد




