وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە دابەش دەكات..بۆ پاراستنی ژینگەیه

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆ بۆ زیاتر پاراستنی ژینگەی كوردستان، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی جۆری ئەڤیۆ بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگریی شارستانی لە شارەكانی كوردستاندا دابەش دەكات.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی سۆران عەمید (عیماد كەنعان)، بۆ ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك پلانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان، ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ئاگركوژێنەوە لە جۆری ئەڤیۆ بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگریی شارستانی لە هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت، لەو رێژەیەیش 4 ئۆتۆمبێل بەر سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران كەوتوون، ئێمەیش بەسەر بنكە پێویستەكاندا دابەشیان دەكەین، كە پێشتریش 5 ئۆتۆمبێلی دیكە بۆ ئێمە دابین كرابوون".
عەمید (عیماد) گوتیشی: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە سۆران و هەرسێ شارۆچكەی مێرگەسوور، چۆمان، رواندز لە خۆ دەگرێت، 15 بنكەی ئاگركوژێنەوەمان هەیە، دوو بنكەی دیكەیش فەرمانیان بۆ دەرچووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی كارمەندەوە تا ئێستا ئەو بنكانە نەكراونەتەوەكە ئەوانیش دەكەونە سنووری خانەقا و سمیلانەوە".
دەشڵێت: "بۆ وەرزی هاوین، لەگەڵ هەموو موختاری گوندەكان و مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتیاندا كۆ بووینەوە و نامیلكەمان بەسەر شۆفێراندا دابەش كردووە، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە هاوكار بین بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەكە، هەروەها لە شوێنە گشتییەكان ژمارە مۆبایلی خۆمان بڵاو كردووەتەوە، بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوە هەبێت، بە زووترین كات ئاگادارمان بكەنەوە".
رابین شێروانی




