٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمجارە رووسیاییەكان كرملین دێننە نێو هۆڵی سەعد عەبدوڵڵاوە

سەرچاوە: KDP.info

رۆژی 17-05-2015 ئەو دیدارەی كۆمپانیای گازپرۆمی نەوتی رووسیا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر سازی دا، لە مانایاك زیاتری گەیاند، چونكە جگە لەوەی خودی رووسیاییەكان خۆیان لایەنی سازكردنی رێوڕەسمەكە بوون، كات و ساتەكەیش گرینگیی خۆی هەبوو و هەیە، بۆ؟

لە كاتێكدا حەفتەیەك بەسەر گەڕانەوەی سەردانە سەركەوتوو و مێژووییەكەی ئەوجارەی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا و ئەورووپا تێنەپەڕیبوو، رووسیاییەكان بە هەموو قورسایی سیاسی و ئابووریی خۆیانەوە لە رێگای كولتوور و رۆشنبیرییەوە، كولتووری سیاسیی (مستەفا بارزانی)،بە هاوپێچی كاری رۆشنبیری رۆژهەڵاتناسان و مێژوونووسانی رووسیا هەر لە (مینۆرسكی)ـیەوە 1917 دەستپێكی كاری ئەكادیمیانەی رۆژهەڵاتناسان، تا 1959ساڵی ماوەی ژیانی (بارزانی باوك) لە سۆڤییەتی جارانیان لە نێو كەری دۆرەوە هێنایە نێو هۆڵە مەزن و جوانەكەی  سەعد عەبدوڵڵاوە تا نیازی بەتینكردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی خۆیان بخەنە بەردەست (بارزانی كوڕ).

 ئەم رووداوە، رێوڕەسمی (نیشتمانی داستان، كەلتووری كوردی لە چاوی تۆێژەرانی رووسیا) لە كاتێكدایە، بریارە لەم چەند رۆژانەدا (فلادیمێر پوتین)ـی سەرۆكی رووسیا، (حەیدەرعەبادی)ـی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كرملین ببینێت، خودی (عەبادی)ـیش بەر لە (سەرۆك بارزانی) لە ئەمریكا بوو، بەڵام بە پەلەپەل گەڕایەوە و هاتەوە نێو ئەو وڵاتەی كە هەر ڕۆژەی پارچەیەكی لێ دەكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و كارەساتێكی دیكە بەسەر هاونیشتمانیانیدا دێت، ئەو كە بەدڵێكی پڕ لە نیگەرانی و ترس لە ئاییندە و یەكپارپەیی عێراقی بەزۆرلكێندراوی پڕ لە ئاشووبی تایفەگەرایی ئەمەریكا جێ دێڵێ، هەڵبەتە لە كرملین وەك (مالیكی) داوای چەك و تفاقی شەڕ لە (پوتین) دەكات، تا هەر هیچ نەبێ بۆ ماوەیەكی دیكە ئەو عێراقەی تەنیا لەسەر نەخشەی كاغەز و كارتۆن و ئەتڵەسدا، یەكپارچەیە و لەسەر ئەرزی واقیعدا دابەش كراوە تۆزێ تەمەنی سەر كاغەزی درێژتر بكاتەوە.

لە هەمان كاتدا (سەرۆك بارزانی) كە ئەمەریكا جێ دێڵێ و دەگەڕێتەوە كوردستان ئەرخەیان و دڵشادە، بۆ هێنانەدیی هیوا و خەونی پیرۆزی نەتەوەكەی و جاڕدانی (دەوڵەتی تازەی كوردستان)، چاوی بڕیوەتە كات و هەلومەرجی گونجاو، لە كەسیش شاراوە نییە كە هەر (بارزانی)ـیە باشتر لە كەسانی دیكە هەست بەوە دەكات كە كێشەی كورد لە ناوچەیەك‌دا قەتیس ماوە كە هەمیشە گڕگرتوو و بلێسەدارە و رووداوە لەناكاوەكان كاریگەرییان بەسەر هاوكێشەكانەوە هەیە، وەلێ بە نەفەسی سەبری ئەییوب و ژیرانەی ساسی و واقیعبینانەیدا (پرسی نەتەوەیەك)ـی بۆ شادبوون بە (دەوڵەتی تایبەت) بە خۆی، وا بردووەتە پێش، تەنیا سات و كاتی گونجاوی جاڕدانی ماوە.

گەر ئەوانە لە ڕووی كات و ساتی بەستنی ئەو ڕێوڕەسمەی (نیشتیمانی داستان)ـدا لە 17-05 وە بێت، وا (فلادیمێر پوتین) بەر لە دیداری كرملینی لەگەڵ (عەبادی)، بە هۆی نێردەی تایبەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا (میخائیل باگدانۆف) و شاندی یاوەری لە ساسەتمەدار (جێگرانی وەزیری دەرەوە و وزە) و بزنسمان و ئەكادیمیانی رووسیا، (سەرۆك بارزانی) لە هەولێر، لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) بینی. هەڵبەتە ئەم دیدارە فرەمانایە ‌پەیامدارە، چۆن بۆ كورد گرینگە، بۆ رووسیاییەكان گەلێ گرینگترە، چونكە رووسیاییەكان وەك ئەوە وایە، لەنێو ژوورە هێلكەییەكەی كۆشكی سپی ئامادە بووبن و، لە بوونی كوردستان بە دەوڵەتی تازە لە ناوچەكە دا ئاگادار و دڵنیان و دەیانەوێت بەر لە خەڵكی دیكە ئاییندەی پەیوەندییەكی پتەوی ئابووری لەگەڵ ئەو‌‌ دەوڵەتە تازەلەدایكبووەی ناوچەكە چێ بكەن، یا بە واتایەكی دیكە دەیانەوێت ئەوانیش وەك ئەمەریكاییەكان ببن بە دۆستی كورد و لە خێروبێری ئەو دەوڵەتە تازەلەدایكبووەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێبەش نەبن.

 هەمدیس رووسەكان دەیانەوێ بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندیی كولتووری و رۆشنبیرییەوە لە چاوی توێژەرانیانەوە، پێمان بڵێن گەر دوێنێ لە ئاست گەورەیی داستانی پەڕینەوە لە (ئاراس)ـدا ئەوەندە‌مان پێ كرابێت، وا ئەمڕۆ شاندی كۆشكی كرملین، ئەو كۆشكەی (بارزانی باوك) لە مۆسكۆ چەندین جار لە دەرگای دا، ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر لە دیداری (بارزانی كوڕ)ـدان و لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ وا لێرەین، ئەمڕۆیش چاومان بریوەتە بەتینكردنی پەیوەندییە هەمەلایەنە ئاییندەیییەكان.

رووسیاییەكان كە ئەمڕۆ لێرەن، ئاییندەی كوردستان لە دوای دیداری ‌كۆشكی سپی، زۆر باشتر و ڕوونتر لە جاران دەبینن و دەشیانەوێت قەرەبووی ئەوەندە جارەی لەدەرگادانی كۆشكی كرملینی (بارزانی باوك)، بۆ (بارزانی كوڕ) بكەنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار