٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بۆ ئەوەی پاشەكشەی زیاتر بە داعش بكەین، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی داواكارییەكانی هەرێم بداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێ پاشەكشەی زیاتر بە داعش بكات، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راستەوخۆ وەڵامی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە. باڵیۆزی بەریتانیایش ئاماژەی دا، پێشمەرگە شایەنی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكی نێودەوڵەتییە‌.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) ئەمڕۆ چوارشەممە 20/5/2015 پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق (فرانك بێكەر) و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك راوێژكاری بواری بەرگری و بازرگانی پێك هاتبوو.

لە دیدارێكدا دواپەرەسەندە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق تاوتوو كرا و (مەسروور بارزانی) جەختی لە پشتیوانیی زیاتری یارمەتیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان لە لایەن  كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە‌ كردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێ پاشەكشەی زیاتر بە داعش بكات، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راستەوخۆ وەڵامی داواكاریی هەرێمی كوردستان بداتەوە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دووپاتی لە بەردەوامیی پشتیوانیی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە و ئاماژەی دا، لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی رابردوودا پێشمەرگە نەك هەر پێشڕەوییەكانی داعشی وەستاند، بەڵكە توانیشی پاشەكشەی زۆر‌ بە تیرۆریستانی داعش بكات و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لێ پاك بكاتەوە، بۆیە شایەنی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكی نێودەوڵەتییە‌.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ئاماژە بە پەیوەندیی و دۆستایەتیی‌ نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بوارە جیاجیاكان درا و دووپات لە تۆكمەكردنی ئەو پەیوەندیانە كرایەوە، بە شێوەیەك لە خزمەت بەرژەوەندیی هەردوو گەلی كوردستان و بەریتانیادا بن.

هەواڵی پەیوەندیدار