پەسەندكردنی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور، پێچەوانەی یاسایە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پشتگیری لە چوار فڕاكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی ئەندامیان لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووردا هەبێت، چونكە بەشدارنەبوونی ئەوان، پێچەوانەی یاسایە كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە.
پەرلەمانتاری كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نازم هەركی) بە ماڵپەری فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمان لە كۆی ٢١ ئەندام بۆ لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور، ٢٠ ئەندامی پەسەند كرد، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتیی چوار فڕاكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانەوە كە یەك كورسییان هەیە و تەنیا نوێنەرێك بۆ ئەوان دانرا، ئامادە نەبوون بەشداری لەو لیژنەیەدا بكەن و یادداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد كە ٤٢ ئەندام ئیمزایان لەسەر كردووە و ١٨ ئەندامیش لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستانن".
(هەركی) گوتیشی، پەسەندكردنی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور پێچەوانەی یاسایە، چونكە بەپێی یاسا پێویستە ئەو لیژنەیە بە سازان پێك بێت، بەڵام ئەمڕۆ بە زۆرینە پەسەند كرا و چوار فڕاكسیۆن تێیدا بەشدار نین.
زیاتر گوتیشی: "ئێمە پشتگیریی تەواو لەو چوار فڕاكسیۆنە دەكەین و پێویستە ئەندامیان لەو لیژنەیەدا هەبێت، چونكە دەستوور بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە نەك تەنیا بۆ چەند لایەنێك".
بڵند ئیبراهیم




