سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا، جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و لەندەن كردەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و هەروەها هۆكارەكانی كەوتنی شاری ڕەمادی و دەرئەنجامەكەنی كرد. جەختیشیان لە هەماهەنگی و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 5ـی 2015 لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق (فرانك باكێر) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە سەردانی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا كرا و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و هەروەها هۆكارەكانی كەوتنی شاری ڕەمادی و دەرئەنجامەكەنی خرایە بەر باس و گفتوگۆوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاییندەی هەرێمی كوردستان تاوتوو كرا و جەختیش لە هەماهەنگی و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرایەوە.




