٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی یەكیەتیی ئەورووپا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكەیان تاوتوو كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی یەكیەتیی ئەورووپا لە عێراق، لە دیدارێكدا باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بوودجە و نەوتەوە كرد. نیگەرانیی خۆیشیان لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار نیشان دا بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕەمادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 5ـی 2015 لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە باڵیۆزی یەكیەتیی ئەورووپا لە عێراق خاتوو (جانا هیباسكۆڤا) كرد.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی یەكیەتیی ئەورووپا، (سەرۆك بارزانی)ـی لە هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی یەكیەتیی ئەورووپا لە هەولێر ئاگادار كردەوە و، باسیشی لەو هاوكاری و هەماهەنگیانە كرد كە لە نێوان یەكیەتیی ئەورووپا و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری سیاسی، مرۆیی و گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران، لە ئارادان.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشان دا لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕەمادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، جەختیشیان لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی جیددیتری حكوومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بودجە و نەوتەوە كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار