٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان لیژنە ٢١ کەسییەکە پەسند دەکات.. ئاراستەی سێیەم بە سانتلیگۆ ناڕازییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان ناوەکانی لیژنە ٢١ کەسییەکە پەسەند دەکات وسەرۆکی فراکسیۆنی ئاراستەی سێیەمیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بەھیچ شێوەیەک ئێمە بە سیستەمی سانتلیگۆ بۆ پێکھێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور رازی نین، چونکە لە یاساکەدا ھاتووە پێویستە لیژنەکە بە سازان دروست بکرێت و، ھەموو لایەک تێیدا بەشدار بێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی ئاراستەی سێیەم  لە پەرلەمانی کوردستان(باپیر کامەلا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، ئێمە چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان کە یەک کورسیمان ھەیە، یادداشتێکمان ھەیە دەیدەین بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و رای گشتی، هەڵبەت بۆ ئەوەیە کە بەھیچ شێوەیەک ئێمە بە سیستەمی سانتلیگۆ بۆ پێکھێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور رازی نین و ئەوە بەدەرە لە یاساکە، چونکە لە یاساکەدا ھاتووە پێویستە لیژنەکە بە سازان دروست بکرێت و، ھەموو لایەک تێیدا بەشدار بێت، بەڵام ئەمە لەسەر رای چوار فراکسیۆن دروست کراوە و ھەموو لایەک بەشدار نییە."
پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک رۆژی لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی لیژنە ٢١ کەسییەکە پەسەند بکات، ئەوەش بەپێی یاسای ئامادەکردنی دەستووری باشووری کوردستان بۆ راپرسی، کە لە دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دەبێت لە ماوەی مانگێکدا پەرلەمان ناوەکان پەسەند بکات، ٢٩ رۆژە (سەرۆک بارزانی) واژۆی کردووە. ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستانیش ناوەکان پەسەند دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی ئاراستەی سێیەم  لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بێبەشبوونی ئێمە ئەو چوار فراکسیۆنەکە نەبوو، بەڵکو پێی باش بوو ھەر یەکەمان ئەندامی خۆمان ھەبێت، چونکە پارتی فراوانتر بیری کردەوە و، تێگەیشتنی بۆ دەستوور تێگەیشتنێکی دروست بووە؛ ئاخر پارتی لەوە تێدەگات کە دەستوور بۆ ھەمووانە و بۆ کۆمەڵیک حیزب نییە و بۆ خەڵکی کوردستان."

ئەندامانی لیژنە ٢١ کەسییەکە بەپێی سیستمی سانتلیگۆ لەنێوان لایەنەکان دابەش کراوە، بەڵام دوای چەند کۆبوونەوەیەک و بێنەو بەردەیەکی زۆری فراکسیۆنەکان، پارتی زۆرترین ئەندامی لە لیژنەکە هەیە، کە هەندێکیانی لەناو پەرلەمان و هەندێکیشیانی لە دەرەوەی پەرلەمان داناوە، ئێستایش داواکەی ئەوەیە جیاواز لە رابردوو، لایەنەکان بە نەفەسێکی کراوەترەوە کار لەسەر ئامادەکردنی دەستوور بکەن.

ئەو لیژنەیە تەنها ٩٠ رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنی دەستوور، ئەگەر کارەکانیان لەو ماوەیە تەواونەکرد، پەرلەمان بۆیان درێژ دەکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار