عەلی عەونی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی پرسی دەستوور نەكراوە

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، مەبەست لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، تەنیا ڕوونكردنەوەیەك بوو لەبارەی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی دیكە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەلی عەونی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز دا و، مەبەست لە كۆبوونەوەكەیش تەنیا بۆڕوونكردنەوە بوو لەبارەی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی دیكە، چونكە سەرۆكی هەرێم دوێنێیش بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەدا كۆ بووەوە".
(عەونی) گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی هیچ پرسێكی دیكە نەكراوە وەكو دەستوور و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، چونكە تایبەت بووە بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی دیكە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی راشیگەیاند، هەر لە كۆبوونەوەكەدا رۆڵی هێزی پێشمەرگە بەرز نرخێندرا و (سەرۆك بارزانی) باسی لەوە كرد كە، وڵاتانی دەرەوە بە چاوی رێزەوە تەماشای هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكەن لە بەرانبەر ئەو شەڕەی دژی تیرۆریستانی داعش دەیكەن.
بڵند ئیبراهیم




