٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بووژە شێخ ئاخر: هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بوودجەی تایبەت بە خۆی نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (بووژە شێخ ئاخر) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ، ئەنجوومەنی ئێستا بەپێی ئەو یاسایەی هەیە دەبێت كارا بێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا ئەنجوومەن بوودجەی تایبەت بە خۆی نییە.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر 15 لیژنە لە خۆ دەگرێت، کە پێنجیان بەر پارتی كەوتووە؛ (بووژە شێخ ئاخر)یش گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وەك یەك تیم كار دەكات و ئامانجەکەمان هەر خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێرە.

(بووژە شێخ ئاخر) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر لیستی پارتی، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "ئێمە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەسەر 15 لیژنەدا دابەش كراوین، لیژنەكان دابەش كراون بەسەر حزب و لایەنە سیاسییەكان، لەو ڕێژەیە 5 لیژنە بەر پارتی كەوتووە، ئەوانی دیكەیش بەسەر حزب و لایەنەكانی دیكە دابەش كراون."

گوتیشی: "ئەو لیژنانە بەسەر هەموو سێكتەرەكاندا دابەش كراون؛ ئەندامانی هەموو فراكسیۆنەكانی تێدایە؛ لیژنە هەیە حەفت ئەندامی تێدایە و هەموو ڕەنگێکی تێدا دەبینیت، هەموومان بۆ یەك ئامانج كار دەكەین، ئەویش هەر خزمەتكردنی هاووڵاتیانە."

(ئاخر) ئاماژەی بەوەش كرد، ئەنجوومەنی رابردوو بە یاسا پڕ كرابوونەوە، بەڵام ئەنجوومەنی ئێستا بەپێی ئەو یاسایەی هەیە دەبێت كارا بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا ئەنجوومەن بوودجەی تایبەت بە خۆی نییە، لە هەمان كاتیشدا هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن لەسەر حیسابی خۆیان لە هەر شوێنێك كێشە و گرفت هەبێت بەدواداچوونی بۆی دەكەن و بەبێ ئەوەی بچووكترین كێشەیەک بێتە پێشەوە.

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار