دیداری زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر دەستووری هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد

هەولێر-AA-KDP.info- دیداری زانكۆی سەڵاحەدین / هەولێر لەژێر ناونیشانی "لەپێناو دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان" كە دوو رۆژ دەخایەنێت، بۆ تاوتووكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
گوتەبێژی دیداری زانكۆی سەڵاحەدین (دكتۆر شاهۆ حوسێن) دەڵێت، ئومێد دەكەن ئەو كارەیان یارمەتیدەر بێت بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان.
سەعات 9:30ـی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر لەژێر دروشمی "لەپێناو دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان" دەستی بە كارەكانی كرد.
دیدارەكە كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت، شەش پانێڵ لەخۆ دەگرێت كە بریتیین لە: بنەماكانی دەستووری كوردستان، چۆنیێتی رێكخستنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ماف و ئازادییەكانی مەدەنی و سیاسی لە دەستووری هەرێمی كوردستان، رێكخستنی دەستەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، دەستە و كارگێڕییەكان لە دەستووری كوردستان، گفتوگۆی كراوە سەبارەت بە هەڵوێستی پارتە سیاسییەکان كە بڕگەی كۆتایی دەبێت و، نوێنەرانی هەر پێنج لایەنە سیاسییەكەی پێكهێنەری كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم بەشداریی تێدا دەكەن.
لەو دیدارەدا سەرباری ئامادەبوونی دەیان پسپۆری یاسای دەستووری، چەندین مامۆستای زانكۆ لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستان و هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (دكتۆر یوسف گۆران) و وەزیری دادیش بەشدارن، لەگەڵ چەندین سەرۆك زانكۆ.
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر (دکتۆر ئەحمەد دزەیی) لە دەستپێكی كردنەوەی دیدارەكە لە پاش وەستان بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان، بەدەم مارشی ئەی ڕەقیبەوە لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان گوتی: "ئەم دیدارەمان لە 19ـی مایس هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992، هەروەها پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكردنی لایەنەكانی سیاسی هەرێمە لەسەر پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "دیداری ئەمڕۆمان ئەمڕۆ جگە لە راستەوخۆ قسەكردن لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، قسەكردنە بە شێوەیەكی زانستی لەسەر پرۆژەكە و كار دەكەین بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم رەنگ و دەنگە جیاوازەكان و، هەوڵ دەدەین بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان لەسەر یەك مێز كۆ بكەینەوە و، هەروەها دیدارەكە بۆ ئاسانكاری و رێگەخۆشكردنە لەبەردەم لێژنە 21 كەسییەكە، پاشان بۆ ئەوەیە كە لە رۆشنایی ئەو دەستوورە دەوڵەتی كوردی لەدایك بێت".
(دكتۆر ئەحمەد دزەیی) ئەوەشی گوت كە دیدارەكەیان قسەكردنێكی زانستی و ئەكادیمی دەبێت لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان و رونی كردەوە "هەمووان دەتوانن لە روانگەی زانستەوە بڕواننە دەستوور بە سوودوەرگرتن لە دەستووری وڵاتان دیدارەكە بە گشتی دەبێتە نەخشەرێگەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ كۆكبوونیان لەسەر پرۆژەكە".
لەو دیدارەدا نوێنەرانی لایەنەكانی سیاسی، پێكهاتەكانی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پەرلەمانتار، چەندین ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ئامادە بووبوون، ئەوەشی ئەم دیدارە جیا دەكاتەوە وەكو سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین گوتی، ئەكادیمیبوونی دیدارەكەیە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دكتۆر یووسف گۆران) لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ دیدارەكە كە قسە لەسەر مەسەلەیەكی گرینگی وەكو رەشنووسی دەستوور دەكات.
گوتیشی: "وڵاتان زۆر گرینگییان بە نووسینەوەی دەستووری خۆیان داوە، گرینگە لەم دیدارە زانكۆ و كۆلێژنە پەیوەندیدارەكان قسە و گوتەی خۆیان هەبێت، دووركەوتنەوە لە روانینی حزبایەتی تەسك بۆ ناوەڕۆكی ئەو دەستوورە زامنی سەركەوتنی گفتوگۆكانمانە، چی وەكو كەسانی ئەكادیمی لەلایەك چی وەكو دڵسۆز و نیشتمانی لەلایەكی تر".
گوتیشی: "دەستووری ئەمەریكا تاكە دەستوورە كە تاوەكو ئێستا رێز لە یاسا دەگرێت و زۆرترین كات وەكو خۆی ماوەتەوە و بە شێوەیەك دەنووسرێتەوە كە رێز لە نەوەكان دەگرێت و، یەك بە یەك لەسەر بەندەكانی گرینگیی تایبەتی خۆیان هەیە، دەستوور تەنها بۆ كەسێك یان ئایینێك یان نەتەوەیێك یان دۆخێك بەتەنها نانووسرێت، بەڵكو بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی كە كۆمەڵگەیەكی فرەبۆچوون و فرەحزبایەتی و فرەئایین و فرەنەتەوە دەنووسرێتەوە، بۆیە دەبێت لە نووسینەوە و گفتوگۆكانمان لەم دیدارە لە یادی نەكەین".
باسی لەوەش كرد كە دەستوور دایكی یاساكانە و بۆ نەوەكان دەنووسرێتەوە، سەركەوتووترین دەستوور ئەوەیە بتوانرێت زۆرترین كات بمێنێتەوە.
گوتەبێژی دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر (شاهۆ حوسێن) كە یەكێكە لە رێكخەرانی دیدارەكە لە گوتەیەكدا گوتی: "بیرۆكەی دیدارەكە بۆ چەند مامۆستایەكی كۆلێژی یاسا و زانستەكانی سیاسی دەگەڕێتەوە پاش ئەوەی لەلایان گەڵاڵەبوو پێشكەشی زانكۆی سەڵاحەدینییان كرد، رێكخستنی ئەم دیدارە كارێكی ئاسان نەبووە، هەوڵ دراوە زۆرترین هاوسەنگیی لە زۆرترین دەنگ و رەنگی تێدا بێتە دی و دەستوور بكرێتە ئامرازێك بۆ خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەكەمان".
گوتیشی: "ئەوەی ئەم دیدارە جیا دەكاتەوە، خۆشەبەختانە سەرجەم كەسایەتییە ئەكادیمییەكان خەڵكی كوردستانن و پێویستە هەموو كوردستانییەكان بە دەستی خۆیان دەستوور بۆ خۆیان بنووسنەوە، هیوادارین ئەمە بێتە كارێكی یارمەتیدەر بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان و ئاسانكاری بێت بۆیان".
پاش ئەو گوتانە پانێڵی یەكەمی دیدارەكە بە گفتوگۆی كەسایەتیی ئەكادیمی و پەرلەمانتاری پێشووتر (دكتۆر نووری تاڵەبانی)، پەرلەمانتار (دكتۆر فرسەت سۆفی)، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان (فەرید ئەسەسەرد)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی (ئەبوبەكر كاروانی) دەستی پێ کرد.




