بەڵێن عەبدوڵڵا: كورد ناتوانێ لەوە زیاتر لە وڵاتێكدا بژیێت كە داهاتووی نادیار بێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵًێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا سەركەوتوو بوو و هەموو لایەنەكان یەكهەڵوێست بوون، جەختیش لەوە كرایەوە كورد ناتوانێ لەوە زیاتر لە وڵاتێكدا بژیت كە داهاتووی نادیار بێت، بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا دەست بە گفتوگۆ دەكرێت.
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان (بەڵێن عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حزبە كوردییەكاندا، كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بوو و، تەوەری كۆبوونەوەكان سەبارەت بە سەردانی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی دیكە بوو، چونكە پێش سەردانەكە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆ بووەوە و رای هەموو لایەنەكانی وەرگرت تا لە میانەی سەردانەكەیشدا باس لە چی بكرێت".
(بەڵێن عەبدوڵڵا) گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی كێشەی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و هەرێم و كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەتی كرا، كە ئەمە تەوەری سەرەكی بوو، ئەمانەیش هەمووی لەگەڵ ئەمەریكادا باس كراوە و بیروڕا لەمبارەیەوە گۆڕدراوەتەوە، بڕوایشمان وایە گۆڕانێكی جۆری لە رای ئەمەریكاییەكان سەبارەت بە رەوشی عێراق و ئایندەی ئەو وڵاتە دروست بووە، ئێستایش تێگەییشتنی ئەوان بۆ عێراق و بەراوردكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، لە جاران باشترە".
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، عێراق ئێستا شكستخواردووترین وڵاتە لە هەموو جیهاندا و، هەرێمی كوردستانیش لەو شكستەدا هیچ بەرپرسیارەتییەك هەڵناگرێت، بە پێچەوانەوە هەوڵی زۆری دا حوكمڕانییەكە لەسەر بنەمایەكی راست بڕوات، بەڵام لەسەر دەستی خۆیان كۆتایی پێ هاتووە".
(بەڵێن) راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوە كرا كە چیتر خەڵكی كوردستان ناتوانێت لە وڵاتێكدا بژیێت داهاتووی دیار نەبێ و لە ئاییندەی خۆی نیگەران بێ، ئەمەیش ئێمە لێی بەرپرسیار نین و ئەوان بەرپرسیارن، چونكە دەستوور مافی بە ئێمە داوە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت، بژاردەی دیكەمان هەیە".
هەروەها گوتیشی: "یەكێك لە بژاردەكانی ئێمە ئەوەیە، خەڵكی كوردستان هەقی خۆیەتی بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات و، لەمەودوا كار بۆ ئەوە دەكەین و ئەوەی پەیوەندی بە حكوومەت و پەرلەمان و لایەنەكانەوە هەیە، كاری لەسەر دەكەین و لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەتەدا هەنگاو دەنێین".
(بەڵێن عەبدوڵڵا) ئەوەیشی خستە ڕوو: "هەرێمی كوردستان نایەوێت ئەو هەڵوێستە بە كاردانەوە و شەڕ دەرببڕێت و، هەوڵ دەدەین بە گفتوگۆ و لێكتێگەییشتن و لەسەر بنەمای دیموكراسی بگەینە رێككەوتن".
دەشڵێت: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هەموو لایەنەكان یەكهەڵوێست بوون و لە داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكەیش دەكرێن و رەنگە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و دەوروبەر و وڵاتانی دیكەیشدا گەنگەشە لەمبارەیەوە بكەین".
(عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا: "ئێمە 12ساڵە چاوەڕێ دەكەین بە گفتوگۆ كێشەكان لەگەڵ بەغدادا چارە بكەین، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە نییە، چونكە پێشتر چەندین رێككەوتن هەبوون و جێبەجێ نەكراون، بۆیە ئەمە مافی خۆمانە بەپێی یاسا و رێسای نێودەوڵەتی و واقیعی ئێستای عێراق، بڕیاری خۆمان بدەین".
بڵند ئیبراهیم




