بڕیارە وەزیری دارایی و سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی بوودجەی هەرێمەوە كۆ ببنەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، بڕیار وایە بەم زووانە سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق لەبارەی پرسی نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستانەوە، كۆ ببنەوە.
ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زانیاریمان پێ گەییشتووە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی ئەو بڕەپارەیەی ماوە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت، قسەی لەسەر بكرێت، بەڵام نازانرێت تا چ ڕادەیەك لەو بارەیەوە دەگەنە رێككەوتن".
(سلێڤانەیی) ڕاشیگەیاند: "كاتی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام چاوەڕوانین بەم زووانە ئەو كۆبوونەوەیە بێتە ئەنجامدان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "سەبارەت بە بڕینی ئەو پارەیە ناكرێت بێدەنگ بین، چونكە ئەمە مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە و هیچ بیانوویەك بۆ بڕینی نییە".
نەشوان بەرزنجی




