باپیر كامەلا: بەم زووانە سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان كۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەڵێ، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر گرینگ بوو و بڕیاریش درا ئەو جۆرە كۆبوونەوانە بەردەوام بن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، بڕیارە پێش سەری مانگیش جارێكی دی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا كۆ ببینەوە.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان و بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم (باپیر كامەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم بوو كە پێشتر كۆبوونەوە كرابوو، ئەمڕۆیش دوای گەڕانەوە لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا، دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەی باس كرد لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی گەلی كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لەناو كۆبوونەوەكەیشدا باس لەوە كرا و هەروەها باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە سیاسییەدا".
(كامەلا) راشیگەیاند كە، "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە سەردانی سەرۆكی هەرێم سەركەوتووترین سەردانی سیاسی بووە لە مێژووی تازەی گەلی كورددا، ئەو جۆرە كۆبوونەوانە لە نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان زۆر گرینگ و پێویستن، بڕیار درا بەم زووانە و پێش سەری مانگ كۆبوونەوەی دیكە لە نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا بكرێت و بەرنامەی دیكە دابڕێژرێت بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوی باش و دروست بنێین و میكانیزمی ئەو لێكتێگەییشتنە هاوبەشانە دابنرێت".
ڕابین شێروانی




